سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق بۆچوونی حەشدی لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكانی ئێستای سووریا خستەڕوو.
فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی گوتی: ئەوەی ئێستا لە سووریا دەگوزەرێت بابەتێكی ناوخۆییە، بەڵام حەشدی شەعبی بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاو ئامادەیە.
گوتیشی: گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا ماوەی نزیكەی ساڵێكە لە دەستپێكی شەڕ لە فەڵەستین دەستی پێ كردووە، ئێستا ناوچەكە چووەتە قۆناغێكی نوێوە.
هەروەها گوتی: قەیرانی سووریا بابەتێكی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە و هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە، بەڵام لە هەمانكاتدا بۆ هەر ئەگەرێكی لەناكاو و نەخوازراو ئامادەین.
فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی نەشی شاردەوە كە ئەوەی ئێستا لە سووریا روودەدات پلانی ئیسڕائیلە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆكی ئەو وڵاتە دەیەوێت بنكەی ململانێكان فراوانتر بكات بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر وڵاتەكەی كەمتر ببێتەوە.
شەوی رابردووش موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، تەنیا دوعا بۆ سووریا دەكەن و بەهیچ شێوەیەك دەست لە كاروباری ئەو وڵاتە وەرنادەن.
بەهەمانشێوە داوای لە حكوومەت و گەل عێراق و سەرجەم لایەن و گرووپە چەكدار و هێزە ئەمنییەكان كردبوو دەستوەردان لە كاروباری سووریا وەرنەدەن.
موقتەدا سەدر داواشی لە حكوومەتی عێراق كردبوو هەر گرووپێك دەستی خستە نێو كاروباری سووریا، بە توندترین شێوە سزای بدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.