Erbil 28°C یەکشەممە 20 نیسان 13:40

سەرۆكی دەستەی تەحریری شام كێیە؟

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری حەما لە ناوەڕاستی سووریا، بۆ یەكەمجار سەرۆكی دەستەی تەحریری شام بە ناوی دروستی خۆی، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە.

سەرۆكی دەستەی تەحریری شام كە پێشتر بە ناوی ئەبوو محەمەد جۆلانی راگەیەنراوی بڵاو دەكردەوە، بۆ یەكەمجار ئەمڕۆ لە تێلیگرام بەناوی دروستی خۆی ئەحمەد شەرع پیرۆزبایی كۆنتڕۆڵكردنی شاری حەما كرد.

ئەبوو محەمەد جۆلانی پێشتر كە فەرماندەیەكی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە بوو، ناو و ناوبانگی لەنێو گرووپە چەكدارەكان هەبوو و هەمیشە بە فەرماندەیەكی بەجەرگ و ئازا دەناسرا.

لە ساڵی 2016 دوای جیابوونەوەی لە رێكخراوی قاعیدە، كۆمەڵەیەكی تایبەت بە خۆی بەناوی (جەبهەی نوسڕە) دروست كرد و بەشێك لە ناوچەكانی باكوری رۆژئاوای سووریای بەدەستەوەبوو.

جۆلانی كاتێك لە ڕیزی رێكخراوی قاعیدە لەناو خاكی عێراق پۆستی فەرماندەی سەربازی هەبوو، لەلایەن سوپای ئەمەریكا بەدیل گیرابوو و ماوەی 5 ساڵان لە گرتووخانەكان دەستگیركرابوو، بەڵام دوای هاتنی داعش لە گرتووخانە هاتەدەرەوە.

بە فەرمانی عومەر بەغدادی سەرۆكی داعش، بەتایبەت جۆلانی نێردرابوو بۆ سووریا تا لە پێشڕەوییەكانی داعش لەو وڵاتە رۆلی سەرەكی ببینێت.

دوای ئاوابوونی خۆری داعش، ئەبوو محەمەد جۆلانی لە شاری ئیدلیبەوە دەستەی تەحریری شامی دروست كرد، دامودەزگای حكوومەتی رزگاری لەو شارە دروست كرد.

هەفتەی رابردوو لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكەیان لە ئیدلیبەوە و دواتریش كۆنتڕۆڵكردنی شاری حەلەب، ناو و ناوبانگی جۆلانی زیاتر بڵاوبووەوە، چەند جارێك بە جلوبەرگی سەربازی لە تۆماری ڤیدیۆییەكان دەركەوت و رێنمایی چەكدارەكانی دەكرد هاووڵاتییان بپارێزن و نەچنە نێو هیچ ماڵێكەوە.

ئەبوو محەمەد جۆلانی كە لەمەودوا ئەحمەد شەرعە، ئێستا لەگەڵ چەكدارەكانی دەستەی تەحریری شام ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنی پێشڕەوی بەرەو شاری حمس كە 165 كیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دوورە.

جۆلانی پێشتر لە دیمانەیەكدا لەگەڵ میدیایەكی ئەمەریكی رایگەیاندبوو كە لەدایكبووی ساڵی 1982ی شاری جۆلانە، پێشتر بەهۆی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر جۆلان، بنەماڵەكەیان ئاوارەبوون.   

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.