سوپای سووریا كۆمەكی سەربازی گەیاندۆتە شاری حەمات و بەهۆیەوە شەڕ و پێكدادانەكان لەنێوان سوپا و گرووپە چەكدارەكان چڕتر بووەتەوە و تا ئێستا شارەكە خۆی بەدەستەوە نەداوە.
سوپای سووریا بڵاوی كردەوە: كۆمەك و سەربازی یەدەگی زیاتر گەیشتوونەتە شاری حەمات و بەهۆیەوە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر گرووپە چەكدارەكان دەستی پێ كردووە و ئێستا لە نزیك ئەم شارە شەڕ و پێكدادانەكان چڕتر بوونەتەوە، جگە لەوەش لە هێرشە پێچەوانەكاندا تا ئێستا توانراوە دەستبەسەر 20 كیلۆمەتر زەویدا بگیرێتەوە.
جگە لە شەڕ و پێكدادانەكان لە ناوچەی حەمات، فڕۆكە شەڕكەرەكانی رووسیاش هێرش و بۆردومانەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی ئیدلب و حەلەب زیاتر كردووە كە ئێستا لەژێر دەستی گرووپە چەكدارەكانن.
لای خۆشییانەوە گرووپە چەكدارەكان جەختیان لەوە كردۆتەوە كە ئێستا تەنیا 7 كیلۆمەتر لە شاری حەمات دوورن و لە بەری رۆژهەڵات و باكوری رۆژهەڵاتی شارەكە لە پێشڕەویدان.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند: هەرچەندە ئێستا شەڕ و پێكدادانەكان لە شاری حەمات توندە، بەڵام گرووپە چەكدارەكان نەیانتوانیوە بگەنە دەروازەی شارەكە.
جەختیشی كردۆتەوە كە تا ئێستا سوپای سووریا لەنێو شاری حەماتە و پێگەی خۆی بۆ بەرگریكردن لە مانەوەی شارەكە قایمتر دەكات.
هەر سەبارەت بە دۆخی ئێستای سووریا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر حكوومەتی سووریا داوای ناردنی هێز لە ئێران بكات، تاران لە داواكارییەكە دەكۆڵێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.