ئەمڕۆ دووشەممە هەردوو سەرۆكی رووسیا و ئێران سەبارەت بە دۆخی ئەمنی سووریا پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و هەردوولا جەختیان لەوە كردۆتەوە كە پابەندن بە پشتگیری لە سەرۆك و حكوومەتی ئەو وڵاتە.
كۆشكی كرمیلین بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ دووشەممە ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران ئەنجامداوە.
بڵاویشی كردەوە: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بەشێوەی سەرەكی دۆخی ئێستای سووریا و هێرشی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر حەلەب و بەشێك لە ناوچەكانی باكوری سووریا تاوتوێ كراوە.
هەروەها بڵاوی كردەوە: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا هەردوو سەرۆك جەختیان لە پاڵپشتی و پشتگیریكردنی بێ مەرجی بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا و پاراستنی سەروەری و خاكی سووریا كردۆتەوە.
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە گرووپە چەكدارەكان هێرشێكی بەرفراوانیان دژی حكوومەت و سوپای سووریا ئەنجامداوە و تا ئێستا سەدان كیلۆمەتر و شار و شارۆچكەیان لە ناوچەكانی باكوری ئەو وڵاتە كۆنتڕۆڵ كردۆتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.