Erbil 11°C چوارشەممە 04 کانونی یەکەم 11:48

ئەمریکا: هێرشەکان لە سووریا دەریدەخەن کە ڕووسیا و ئێران لە پێگەیەکی ستراتیجی لاوازتردان

کوردستان TV
100%


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوە کرد کە پێشڕەوی ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا لە حەلەب و دەوروبەری پەیوەندی هەیە بەوەی پشتیوانانی سووریا لە شەڕ و پێکدادانەکانی دیکەدا توانایان لەدەستداوە و سەرنجەکانیان پەرتەوازە بووە.

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی هەواڵی سی ئێن ئێن، سولیڤان سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی حەلەب لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە لە سووریا ڕایگەیاند: تەماشای ئەو سێ کاراکتەرەیان کرد کە ساڵانێکە لێیان دەدەن: ئێران، ڕووسیا، حزبوڵڵا. ئەوانیان بە لاوازتر و بێ بەرگریتر لە جاران بینی و هەوڵیاندا سوود لەمە وەربگرن.

گوتیشی: بەڕای من خێرایی ئەم هێرشە بووەتە مایەی سەرسوڕمانی زۆری حکوومەتی سووریا و چاودێرانی دیکە لە ناوچەکە. ئەم پێشهاتانە و دۆخی ئێستای ئۆکراینا ئەنجامی سروشتیی ئەوەیە کە ڕووسیا و ئێران لە پێگەیەکی ستراتیجی لاوازتردان.

سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان لە شارەکانی حەلەب و ئیدلب لە سووریا کە ئایا مەترسیی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دروست کردووە یان نا، سولیڤان ڕایگەیاند: هێزەکانمان کە لە ئێستادا لە سووریا جێگیرکراون بۆ جەنگی دژ بە داعش، لەبەرئەوەی لە شوێنێکی جیاوازن لەو ناوچەیەی ئەم هێرشە تایبەتەی تێدا ئەنجام دەدرێت، پێمانوایە لە ژێر مەترسییەکی نزیکدا نین، بەڵام هێشتا لە ژێر مەترسیی گرووپە میلیشیا شیعەکانی ئێران و عێراق و سووریادان. هەموو ڕۆژێک کار دەکەین بۆ پاراستنیان و وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان.

سولیڤان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا گرووپی چەکداری بەناو هەیئەی تەحریر شام کە نەیاری ده‌وڵه‌تی سووریایە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەناسێت، لەبەرئەوە نیگەرانییەکی ڕەوای هەیە لە بارەی داڕشتە و ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە.

جەیک سولیڤان ئەوەیشی خستەڕوو کە سەرەڕای ئەمە ئەمریکا هیچ گرنگیی نادات بە گیرخواردنی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد بەهۆی پێشڕەوی ئۆپۆزسیۆن بەرەو دیمەشقی پایتەختی سووریا.

سەبارەت بە لێکەوتەی ئەو پێشهاتانەی ڕوو دەدەن، سولیڤان باسی لەوە کرد کە دۆخەکە ئاڵۆزە و، باسی لەوە کرد واشنتۆن لە دیداری نزیکدایە لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی لەو بارەیەوە.

نزیک بە شەش ڕۆژە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئەسەد و گرووپە چەکدارەکان لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب ڕوو دەدات.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.