گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی شان ساڤیت ڕایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سووریا دەکەن و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لەم بارەوە لە پەیوەندی بەردەوام دان.
ساڤیت لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا بڵاوی کردەوە کە، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سووریا دەکەن و لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا بە بەردەوام لەگەڵ پایتەختی وڵاتانی ناوچەکە لە پەیوەندی دابوون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا وێڕای ئاماژەکردن بە دۆخی سووریا و بوونی پێکدادانەکان، جەخت لەوە کراوەتەوە کە هۆکاری ئەو دۆخە ڕەتکردنەوەی پرۆسەی سیاسی بووە لە لایەن بەشار ئەسەدەوە ئەوەش بە متمانەی ئێران و ڕووسیا.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بەو ئاڵۆزییانە نییە کە لە لایەن دەستەی تەحریر شام کە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسرێت، ئەنجام دەدرێت.
شان ساڤیت جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەمریکا لەسەر بنەمای بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و نەهێشتنی جەنگی ناوخۆیی لە سووریا و هەروەها ڕایگەیاندووە، هیچ کاتێک ڕێگە نادەن بە زیندووبوونەوەی داعش و ئامادەن بۆ پاراستنی سەربازان و کارمەندانی ئەمریکی و بنکە و بارەگاکانیان.
ماوەی پێنج ڕۆژە لە ناوچەکانی ئیدلب و حەلەب شەڕوپێکدادان لە نێوان گرووپە چەکدارە دژبەرەکان و سووریا بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.