Erbil 13°C چوارشەممە 11 کانونی یەکەم 00:32

هێرشی گرووپە چەكدارەكان لە شاری حەلەب نزیك بووەتەوە

کوردستان TV
100%

هێرشی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر هێزەكانی سوپای سووریا پێی نایە رۆژی سێیەمەوە و دەڵێن تا ئێستا توانیویانە 56 شارۆچكە و گوند كۆنتڕۆڵ بكەن و بەتەواوی لە سەنتەری شاری حەلەب نزیكبوونەتەوە.

هێرشی گرووپە چەكدارەكان كە لە چەند گرووپێكی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێكهاتوون، لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە بۆ سەر هێزەكانی حكوومەتی سووریا بەناوی ئۆپڕاسیۆنی (رووبەڕووبوونەوەی دوژمنكاری) دەستی پێ كردووە.

بەگوێرەی نوێترین زانیاری، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی گرووپە چەكدارەكان توانیویانە ناوچەی ریفی حەلەب كۆنتڕۆڵ بكەن و تەنیا چەند كیلۆمەترێكی كەمیان ماوە بگەنە سەنتەری شاری حەلەب.

حەسەن عەبدولغەنی گوتەبێژی گرووپە چەكدارەكان رایگەیاند: دوای 36 كاتژمێر لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی حكوومەتی سووریا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ توانیمان تەواوی ناوچەكانی ریفی حەلەب كۆنتڕۆڵ بكەین.

راشیگەیاند: ئێستا هێزەكانمان لە دەوروبەری شاری حەلەب رووبەڕووی هێزەكانی حكوومەتی سووریا دەبنەوە و توانراوە چەند ناوچەیەكی ستراتیژی كۆنتڕۆڵ بكەین، تەنیا چەند كیلۆمەترێكی كەم لە شاری حەلەبەوە دوورین.

گرووپە چەكدارەكان لە ماوەی سێ رۆژی رابردووی هێرشەكانیان توانیویانە زیاتر لە 400 كیلۆمەتر چوارگۆشە كۆنتڕۆل بكەن و هەروەها 56 شارۆچكە و گوند لە ناوچەكانی حەلەب و ئیدلب لەژێر دەستی سوپای سووریا دەربهێنن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گرووپە چەكدارەكان بڵاویان كردۆتەوە، لە رووبەڕووبوونەوەكاندا زیاتر لە 200 سەربازی سوپای سووریایان كوشتووە و سەدانی دیكەش بریندار بوون و چەندانی دیكەشیان بە دیل گرتووە، هەروەها دەستیان گرتووە بەسەر دەیان زریپۆش و تۆپی دوورهاوێژ.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.