Erbil 13°C چوارشەممە 11 کانونی یەکەم 00:36

بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی وۆرکشۆپی خێراکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەڕێوەچوو

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ پێنجەممە 28/11/2024 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، وۆرکشۆپی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لەڕووی پلانسازییەوە بەسەر فەرمانبەراندا بەمەبەستی خێراکردنی پرۆسەکە بەڕێوەچوو.

وۆرکشۆپەکە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە بەشداریی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆک شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانیی گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر گرنگیی وۆرکشۆپەکە بەمەبەستی باشتركردن و خێراكردنی پرۆسەكە و لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد کە وۆرکشۆپی بەدواچوون بۆ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەمەبەستی خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەیە کە لە هەندێک شارەوانیدا هەن و ئاماژەی بەوەش کرد ئەو وۆرکشۆپە زۆر گرنکە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بە بڕیارێکی گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بەوە كرد كە لە ماوەی ئەو چەند مانگەی بڕیاری دابەشكردنی زەوی، هەندێك لە شارەوانییەكان مەودایەكی باشی كاركردنیان بڕیوە تا ئاستی دابەشكردنی  ژمارەی زەوییەكان بەسەر فەرمانبەراندا. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی کردەوەش کە دەبێت ئەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجەکانی بگات و ئەو گرفتانەی لە هەندێک شارەوانیدا هەن، پێویستە بەزوویی چارەسەر بکرێن و پرۆسەکە خێراتر بکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە، زەوی وەربگرن و لە بڕیارەکەی حکوومەت سوودمەند ببن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد لە دوای بڕیارەکەوە کاری زۆر باش کراوە و سوپاسی تیمەکانی شارەوانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان و لێژنەکان کرد و هاوکات داوای لە  سەرجەم شارەوانییەکانیش کرد كە دەبێت ئەو پرۆسەیە لەڕووی پلانسازییەوە خێراتر و باشتر بکرێت و وێڕای پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان پێویستە دابەشکردنی زەوی کاری جدی لەسەر بکرێت و هەر کێشەیەکیش بێتە بەردەم شارەوانییەکان، پێویستە بەزوویی چارەسەری بکەن. جەختیشی کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک کەمتەرخەمی قبووڵ ناکرێت و بەردەوام بەدواچوونی ئەو پرۆسەیە دەکەین بۆ ئەوەی بڕیارەکەی حکوومەت بە ئامانجەکانی خۆی کە پێدانی زەوییە بە فەرمانبەران بگات.
جێگەی باسە، ئێستا كاركردن لە فۆڕمەكانی دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوامە و پرۆسەكەش بە باشی بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران بەپێی مەرج و ڕێنماییەكان زەوی وەربگرن و لە ئێستاشدا ئامادەكاری بۆ ڕاگەیاندنی ناوی دیكەی فەرمانبەران دەكرێت.

ئەو وۆرکشۆپە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێکخرا، هەروەها لە ڕێگەی داتاشۆوە سەرجەم شارەوانییەکان کارەکانی خۆیان سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی خستەڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا بۆ ئەوەی وەک ئەزموونێک بێت بۆ ئەو شارەوانییانەی لەمیانەی کارکردنی پرۆسەکەدا گرفتیان هاتووەتە بەردەم کە وۆرکشۆپەکە یەکێک لە ئامانجەکانی چارەسەرکردنی گرفتەكانە بۆ خێراکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.