بەگوێرەی راگەیەنراوی لیژنەی باڵای ئەمنی سەرژمێری، لە كاتژمێر 12ی شەوی رابردووەوە قەدەغەی هاتوچۆ لەناو شارەكان هەڵگیراوە، ئەوەی ماوەی تەنیا لەنێوان شارەكان ماوە ئەویش تا كاتژمێر 12:00ی ئەمشەو دەبێت.
درەنگانی شەوی رابردوو لێژنەی باڵای ئەمنی سەرژمێری راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و رایگەیاند" هێشتا هەندێ خێزان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان و هەندێ شاری عێراق ماون تۆمار بکرێن، بۆ مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەکە ماوەی 24 کاتژمێری دیکە قەدەغەی سنوورداری هاتوچۆ تەنها لەنێوان شارەکان درێژ دەکرێتەوە".
راشیگەیاند "لە ماوەی ئەو 24 کاتژمێرەی داهاتوو، وەکو 48 کاتژمێری ڕابردوو جوولەی بازرگانی و کەسابەتی خەڵک و هاتن و چوونی شاندە فەرمیی و حکوومییەکان و دامەزراوەکانی حکوومەت و بۆنە فەرمییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و دیبلۆماتەکان و رۆژنامەنووسان بەدەر دەکرێن و جوولە و هاتوچۆیان ئاسایی دەبێت".
لیژنەی باڵای ئەمنی سەرژمێری سوپاسی بەشداری فراوانی هاووڵاتییانیشی كرد و داوای كرد ئەوانەی بە هەر هۆکارێک تا ئێستا تۆمار نەکراون، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و چاوەڕێی هاتنی بژمێرەکان بکەن بۆ ئەوەی لەو 24 کاتژمێرە، هەموو هاووڵاتییان بە سەرکەوتوویی لە سەرژمێری تۆمار بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.