سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی‌دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "رۆژنامەگەريی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و ڕه‌خنه‌گر، هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر".
رۆژی سێشەممە 23ـی نیسانی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی‌دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و هانی رۆژنامەنووسانیدا؛ "پابەندی پیشەیيبوون و بێلایەنی و ڕاستگۆیی بن و لە زێدەڕۆیی و گوتاری هەڵچوون دوور بکەونەوە".
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی‌دا
یادی 127ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر ميقداد ميدحه‌ت بەدرخانه‌وه، هه‌روه‌ها یادی 27ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، به گه‌رمى و له دڵه‌وه له هەموو ڕۆژنامەنووسان و ميدياكارانى کوردستان پيرۆز دەکەم، هيواى پێشكه‌وتنى زياتر و سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌واميان بۆ ده‌خوازم.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پابەنديمان بە ئازاديی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و گرنگى و پێویستيی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سه‌ره‌كييه‌کانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست و ئاسووده، ده‌كه‌ينه‌وه. به‌رده‌وام ده‌بين له كاركردن بۆ فه‌راهه‌مكردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان کە تيايدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە هه‌موو کۆت و بەند و بەربەستێك دوور بێت، هه‌روه‌ها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەریدا، چارەسەر بكرێت.
باوەڕمان وایە ڕۆژنامەگەريی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و ڕه‌خنه‌گر، هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر، بۆيه له‌م ياده‌دا وه‌ك هه‌ميشه ڕۆژنامەنووسان هان دەدەین کە پابەندی پیشەیيبوون و بێلایەنی و ڕاستگۆیی بن و لە زێدەڕۆیی و گوتاری هەڵچوون دوور بکەونەوە و بەرژەوەنديی گشتيی وڵات و ئاشتيی کۆمەڵایەتی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و ڕۆڵى كاراى خۆيان له پته‌وكردنى كولتوورى فره‌ڕه‌نگى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى، بگێڕن.
لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ڕۆژنامەگەريی كوردستان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و خزمەتی کۆمەڵگەدا، قوربانییان داوە. ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە چاودێریکردنی ئازاديی ڕادەربڕین لە کوردستان بەرز دەنرخێنین و دڵنيايان ده‌كه‌ينه‌وه كه سوود لە ڕاپۆرتەکانیان وەرده‌گرین بۆ پەرەپێدانی ژینگەی میدیایى و ڕۆژنامه‌وانى له وڵاته‌كه‌مان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.