بە بەشداری سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی سووریا، کۆنفرانسی یەکڕیزی هەڵوێستی کورد لە رۆژاوا بەڕێوەدەچێت و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیەنراوێکدا رۆژی 26ـی نیسانی بۆ کۆنفرانسەکە دیاریکرد، هاوکات ئەنەکەسە پێشوازی لە راگەیەنراوەکە دەکات و دەڵێت، کۆنفرانسەکە بە پشتگیریی سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی سێشەممە 22ـی نیسان، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "بە دڵخۆشییەوە رایدەگەیەنین، رۆژی 26ـی نیسان کۆنفرانسی کەیڕیزیی هەڵوێستی کورد لە رۆژاوا" بەڕێوەدەچێت".
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت؛ "یەکێتی کورد پێویستییەکی نەتەوەییە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی گەلەکەمان لە سووریا".
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ئەمڕۆ راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆنفرانسەکە بڵاوکردەوە کە تیایدا کۆنفرانسەکەی، "وەک هەنگاوێکی گرنگ و پێویستییەکی سیاسی" وەسفکرد و بە "خواست و ئاواتەکانی گەلی کورد لە سووریا" ناوی برد.
ئەنەکەسە کۆنفرانسی کۆنفرانسی یەکڕیزی هەڵوێستی کوردی بە پشتگیریی، سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی ناو برد و هیوای خواستووە؛ "کۆنفرانسەکە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بەرەو قۆناخێکی نوێی هاوکاریی بونیاتنەر لە نێوان حیزبەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی".
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دووپاتیدەکاتەوە؛ "یەکڕیزیی هەڵوێستی کوردیی پێویستییەکی هەنوکەیی ونیشتیمانییە و هەنگاوێکی رژدە بۆ بەدیهێنانی هاوبەشیی راستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی سووریایەکی دیموکرات و فرەلایەن".
بڕیارە لە کۆنفرانسی یەکڕیزی هەڵوێستی کورد نوێنەرانی؛ پارتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردی، پارتیی ئاشتیی دیموکراتی کوردستانی، پارتیی دیموکراتی پێشکەوتووی کورد لە سووریا، پارتیی ویفاقی دیموکراتی کوردی لە سووریا، پارتیی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سووریا، بزووتنەوەی خۆبوون و چەند نوێنەر و کەسایەتیی دیکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.