دوایین زانیاری لەبارەی مووچە ئەوەیە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا پارەی مووچە بگاتە هەرێمی كوردستان.
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) پێی راگەیاندین: محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانی بە وەزیری دارایی كردووە رێكارەكان بۆ ناردنی خێراتر بكرێت.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا: بەهۆی ئەوەی ئێستا تەیف سامی لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی دارایی عێراق لە دەرەوەی وڵاتە و هەروەها بەهۆی پشووی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان، رەنگە رێكارەكانی ناردنی مووچەی مانگی 10 كەمێك دوا بكەوێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەنێردێت.
راشیگەیاند: پێشبینی دەكرێ لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو و لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام لە دامودەزگاكان حكوومەت لە بەغدا، دەست بە رێكارەكانی ناردنی پارەی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكرێت.
لای خۆشییەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئامادەباشی تەواوی كردووە و رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆران بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.