سیستەمی بیمەی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە؛ سیستەمێکی دڵنیاییە بۆ هەر پێشمەرگەیەک تووشی نەخۆشی دەبێت و پێویستیی بە چارەسەری تەندروستی یان نەشتەرگەری دەبێت، لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان چارەسەری بۆ دابین دەکرێت و 70%ـی خەرجییەکانی بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
د. ڕەزا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پزیشکیی گشتیی پێشمەرگە، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "هەر پێشمەرگەیەک دەتوانێت لە ڕێگەی سیستەمەکەوە نووسراوێکی ڕاستەوخۆ بکات، پاشان لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندی پزیشکییەوە بڕیاری لەسەر دەدەرێت کە چۆن لە ڕێگەی نەخۆشخانە تایبەت و حکومییەکان چارەسەر وەربگرێت".
د. ڕەزا ئیسماعیل، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە "ئەو پێشمەرگانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، لە ڕێگەی سیستەمی بیمەی تەندروستییەوە بەشێک لە چارەسەرەکانیان وەردەگرن و هەر پێشمەرگەیەک ڕێگەپێدانی پێشوەختەی هەبێت بۆ چارەسەرکردن تاکوو ڕێژەی 70% گەڕانەوەی خەرجی بۆ دەکرێت".
لەبارەی ئەو پێشمەرگانەشەوە كە ڕێگەپێدانیان نییە، گوتی: "ئەو پێشمەرگانەی بە هەر هۆکارێک ڕێگەپێدانیان نەبێت، لە ڕێگەی لیژنەی پزیشکییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و تاکوو 25% گەڕانەوەی خەرجی چارەسەرییەكەی بۆ دەکرێت".
سیستەمی بیمەی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ خزمەتكردنی زیاتری هێزەكانی پێشمەرگەیە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا خزمەتگوزاریی بیمەی تەندروستی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە فراوانتر دەکرێت، کە جگە لە خودی پێشمەرگەکە، خێزانەکەشی دەتوانێت لەو خزمەتگوزارییە سوودمەند بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.