Erbil 20°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 11:00

وەزارەتی شارەوانی و كۆمپانیای جێبەجێكار قۆناغەكانی كاركردن لە پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە تاوتوێ دەكەن

کوردستان TV
100%


 لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاری وەزارەت و د. چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە، ئێدگار مراد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای خطیب و علمي و كارناس حوسێن، بەڕێوەبەری پڕۆژە و میشیل ابورجێلی پلانساز و بەسام الزێنی، پسپۆری ئابووری- کۆمەڵایەتی لە كۆمپانیای ناوبراو كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە هەنگاوەكانی كاركردن و بەرەوپێشچوونی پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

جێگەی باسە، گرێبەستی پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە ڕۆژی پێنجشەممە 26ی ئەیلوولی 2024، لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەڵەبجە و كۆمپانیای خطیب و علمي، بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار واژوو كرا و هەر ئەوكات دەست بە پڕۆژەكە كرا.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا  پرێزنتەیشنێك سەبارەت بەو كارانەی لە دوای واژووكردن و دەستپێكردنی كارەكانی پڕۆژەكە تا ئێستا جێبەجێكراون پێشكەش كرا و تێیدا كارە ئەنجامدراوەكان و قۆناغەكانی داهاتووی پڕۆژەكە خرانەڕوو بۆ ئەوەی لە ماوەی دیاریكراودا هەڵەبجە ببێتە خاوەن ماستەرپلانێكی شایستە و گونجاو. 

لەو كۆبوونەوەیەدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای جەختكردنەوەی لەسەر گرنگی پڕۆژەكە و ڕوانگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بە بایەخەوە لەو پڕۆژەیە دەڕوانێت بۆ ئەوەی هەڵەبجە لە ڕێگەی ماستەرپلانەوە هەموو سێكتەرەكانی ببووژێتەوە، هاوكات چەند ڕێنماییەكیشی دایە لێژنەكان و تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار تا باشترین ماستەرپلان بۆ هەڵەبجە دابندرێت بۆ ئەوەی شارەكە ببێتە هۆی بەرەوپێشبردن و دیاریكردنی ئاراستەی فراوانبوونی شارەكە و خواستی هاووڵاتییانی شارەكەی تێیدا بەدی بهێندرێت لە پرۆژەكەدا لەگەڵ ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دانیشتووانی شارەكە و دەیان بواری دیكەی شارسازی. 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرمانگەكانی شارەوانی و حكوومەت لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار كردەوە لەپێناو ئەوەی ئەو پڕۆژەیە لە كاتی خۆیدا تەواو بكرێت و هەڵەبجە كە تاوەكوو ئێستا ماستەرپلانی نییە، ببێتە خاوەن ماستەرپلان.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.