باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بەبۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد و داواشی لە لایەنە سیاسییەكان كرد بەبێ دواكەوتن هەوڵی پێكهێنانی حكوومەت بدەن.
ئالینا رۆمانەوەسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق لە پەیامەكەدا رایگەیاند "ئەمەریكا پیرۆزبایی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەموو پارتە سیاسییەكان دەكات بەبۆنەی تەواوبوونی سەركەوتووانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".
راشیگەیاند "لە رۆژانی 18 و 20ی تشرینی یەكەم كارمەندانی نێردەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق چاودێری پڕۆسەی دەنگدانیان لە بنكەكانی دەنگدان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان كرد، دەستخۆشی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ پابەندبوونیان بە پڕۆسەی دیموكراسی".
هەروەها رایگەیاند "كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بە هەبوونی ئالنگاری بەردەم خوێندنەوەی پەنجەمۆر لە كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان كرد، هانی كۆمیسیۆن دەدەین بۆ ئەوەی ئەو پرسە چارەسەر بكات پێش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2025".
ئالینا رۆمانەوەسكی گوتیشی "هانی پارتە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی دەدەین پشتگیری لە گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات بكەن و حكوومەت بەبێ دواكەوتن پێكبهێنن".
باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق هەروەها گوتی "پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رێگا بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆش دەكات كە دامودەزگا دیموكراسییەكانی بەهێز بكات و مافەكانی مرۆڤ بەرەوپێش ببات و برەو بە گەشەپێدانی ئابووری بدات و خۆڕاگری هەرێمی كوردستان پتەو بكات وەكو بەشێك لە عێراقێكی سەقامگیر و ئارام و خاوەن سەروەری".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.