Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 23:39

ئومێد خۆشناو: لە هەولێر هیچ پێشێلكارییەك لە دەنگدانی تایبەت تۆمار نەكراوە

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هەولێر لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە هەولێر هیچ پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە و پڕۆسەکە بە ئارامی بەڕێوەدەچێت.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدانی لە ناو شاری هەولێر کرد.

لە سەردانەکەیدا پارێزگارى هەولێر، تەئکیدی لە تەواوی ئامادەکارییەکان کردەوە و ڕایگەیاند "خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە و پڕۆسەکە بە ئارامی بەڕێوەدەچێت و کێشەیەکی ئەوتۆ لە هیچ یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان ڕووینەداوە".

گوتیشى "پرۆسەکە بەبێ کەموکوری و زۆر بەڕێک و پێکی و بێ گرفت بەڕێوە دەچێت و لەگەڵ نووسینگەی هەولێری کۆمیسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ هەر کێشە و گرفتێک ئەگەر هەبێت".

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 2024.10.18، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاکو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

لە بازنەی هەولێر بۆ دەنگدانی تایبەت (48) بنكەى دەنگدان دیاریکراوە و لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانیش 14 بنكە، (82 هەزار و 470) ده‌نگدەر بایۆمەتری کردووە و (82 هەزار و 88) دەنگدەر کارتی بایۆمەترى وەرگرتۆتەوە و دەنگ دەدەن.

دووسبەی یەکشەممە هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، کۆمسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.