پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە هەولێر زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا هیچ دەنگدەرێك مۆبایل نەبردۆتە نێو وێستگەكانی دەنگدان و نوێنەری هیچ لایەنێكی سیاسیش سكاڵای تۆمار نەكردووە.
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) پێی راگەیاندین: لە هەردوو بنكەی سامان و دابان لە شاری هەولێر كە هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەنگی تێدا دەدەن، پڕۆسەكە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت.
راشیگەیاند: لە بنكەی سامان لە گەڕەكی 32ی پاڕك لە کۆی 1734 دەنگدەری تایبەت، تا كاتژمێر 10:30 زیاتر لە 700 دەنگدەر دەنگیان داوە، کە دەکاتە نزیکە %40 كۆی گشتی دەنگدەران لە بنكەكەدا.
ئاماژەی بەوەش دا: لە بنكەی دابان لە گەڕەكی نەورۆز هەر لە شاری هەولێر تا كاتژمێر 10:30 لە كۆی 1481 دەنگدەر، 720 دەنگدەر دەنگیان داوە كە دەكاتە رێژەی 50%ی رێژەی دەنگەران لە بنكەكە.
هەروەها رایگەیاند: نوێنەری لایەنە سیاسییەكان كە لە وێستگەكان ئامادەن، لە هەردوو بنكەكە تا ئێستا هیچ سكاڵایەكیان تۆمار نەكردووە و هیچ دەنگدەرێکی تایبەتیش لەم بنكانە مۆبایلیان نەبردۆتە ژوورەوە.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا كە پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەكی گشتی لە هەردوو بنكەی سامان و دابان لە هەولێر بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوە دەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.