Erbil 22°C ھەینی 18 تشرینی یەکەم 06:32

قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر و سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ دەستیپێكرد

ساسان عەونی: لە ڕۆژانی داهاتوودا قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكە دەستپێدەكات
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئۆكتۆبەری2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵ و ژمارەیەكی دیكەی بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی پێنج هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و 2 هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش لەسەر كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە شاری هەولێر دەستیپێكرد. هاوكات هەر ئەمڕۆ پرۆسەكە لە سلێمانی و گەرمیان دەستیپێكرد و لە زاخۆش كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و زەوی دابەش دەكرێت.
تیروپشكی ڕاكێشانی ئەو پێنج هەزار پارچە زەوییە لە شاری هەولێر، لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر ڕاكێشرا و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر بەردەوامی پرۆسەكە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە میانەی دابەشكردنی زەوییەكانی هەولێر ڕایگەیاند: پرۆسەی دابەشكردنی زەوی دەستیپێكرد و ئەمەش مژدەیەكی خۆشی جەنابی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
ساسان عەونی، گوتیشی: ئەمڕۆ 5 هەزار پارچە زەوی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕادەگەیەنین، هاوكات هەر ئەمڕۆش جگە لەو پێنج هەزارە، 2 هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش بەسەر خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت كە پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەویان هەبووە و ئێستا ڕێكارەكانی تەواو بووە، واتە 7 هەزار 300 پارچە زەوی دابەش دەكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی دابەشكردنی زەوی لە سلێمانی و گەرمیان و زاخۆ و ناوچەكانی دیكەی كوردستان گوتی: هەر ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی 6 هەزار و 577 پارچە زەوی وەك قۆناغی یەكەم دابەش دەكرێت.  هاوكات لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ قۆناغی یەكەم ڕەزامەندی لەسەر 2 هەزار 474 پارچە زەوی دراوە و دوێنێش هەزار و 241 پارچە زەوی لە زاخۆ ڕاگەیەندرا. 
سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەكەش، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت لەسەر بەردەوامی دەكاتەوە و دەڵێت: هەتا ئێستا وەزارەتەكان بەردەوامن لە ناردنی ناوی فەرمانبەرانیان و لە ڕۆژانی داهاتووشدا قۆناغەكانی دیكەی پرۆسەكە ڕادەگەیەنین، گوتیشی لە هەموو شارەوانییەكانیش نەخشەی پێویست بەپێی ژمارەی فەرمانبەران ئامادە كراوە.
ساسان عەونی، لەبارەی زەوییەكانی شاری هەولێر گوتی: ئەو نەخشەیەی ئامادەكراوە لەسەر 2 هەزار و 90 دۆنمە و لە هەشت گەڕەك پێكهاتووە، 4 هەزار و 828 پارچە زەوی نیشتەجێ لەخۆدەگرێت لەگەڵ ژمارەی دیكەی زیادە، ڕووبەری زەوییەكانیش 200 مەترن و شەقامەكانیان نابێت لە 12 مەتر كەمر بێت، هەروەها گوتیشی: شەقامی 30مەتری تێیدایە لەگەڵ هێڵی ترام و هێڵی پایسكیل و پیادەڕۆ و باچخەی بچووكی ناو ماڵ و پاركی گەورە و بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و باخچەی ساوایان و مزگەوت و خزمەتگوزارییەكانی تر كە ڕۆژانە بەكار دێن.

 

دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.