Erbil 21°C پێنجشەممە 21 تشرینی دووەم 16:02

سی چرا بۆ یادی پاشای حه‌یران ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی داده‌گیرسێنین

کوردستان TV
100%

هه‌ندرێن خۆشناو
 ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 17/10/2024  شنه‌ بای یادی سی ساڵه‌ی ماڵئاوایی مامۆستای هونه‌رمه‌ند ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی به‌سه‌ر كوردستان و هه‌ولێری لاوك و حه‌یران و هونه‌ر و موزیك و هۆنراوه‌ گوزه‌رده‌كات، و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندی ره‌سه‌ن مامۆستا بێزار گه‌ردیمان دێنێته‌وه‌ یاد، و ده‌نگه‌ به‌ سۆز و ئاوازه‌ دڵرفێنه‌كانی به‌ گوێمان ده‌چرپێنێت، و هه‌ستی پڕ عه‌شق و خۆشه‌ویستیمان ده‌وڕوژێنێت، و پێمان ده‌ڵێ مامۆستا (ره‌سوڵ) تان بێته‌وه‌ یاد، كه‌ سیمبول و نیشانه‌یه‌كی دیاری شاری هه‌ولێره‌، رۆحی پاكی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ قبوڵناكات كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی هه‌ولێری دێرین جێبێڵێت، و وه‌ك كزه‌ بایه‌كی فێنك رۆژانه‌ به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕده‌بێت، هه‌ر كه‌ لاوكێك یان حه‌یرانێك یان گۆرانیه‌كی ره‌سه‌نی كوردی دێته‌ به‌ر گوێچكه‌ی رۆڵه‌ به‌وه‌فاكانی ئه‌م شاره‌.
ئه‌وڕۆ ئێوارێ له‌دوم هه‌ناردی لۆچی  نه‌هاتی ..
حه‌یران ئه‌وڕۆكه‌ سێ رۆژه‌ زانیتم بازن و خڵخاڵت له‌كن وه‌ستا شه‌ریفی زێڕینگره‌، جلكی بوكێنیت له‌سه‌ر خه‌یاتی..
خزم و براده‌ر هه‌موو ده‌زانن ئه‌توو سه‌ری چه‌ند ساڵانه‌ دۆست و گراوی من بووی.. حه‌یف و سه‌د مخابنی دنیایێم
ده‌مینی شه‌و ساڵه‌كه‌ هاوینێ به‌ قسه‌ی دوژمنان و ناكه‌سان له‌گه‌ڵ من خایه‌ن ده‌رهاتی..

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ توانی به‌ درێژایی نیو سه‌ده‌ له‌ داهێنان و خزمه‌تكردنی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و فۆلكلۆری كوردی بچێته‌ دڵی هه‌موو هونه‌ردۆستێك، و بچێته‌ كاروانی نه‌مران و مامۆستایان له‌م بواره‌دا، و سه‌رمه‌دیانه‌ له‌ دڵ و سۆزی خه‌ڵك بمێنێته‌وه‌. هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ خولیای هونه‌ر و كولتور و فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌، و هه‌ر له‌ زووه‌كه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ستیان به‌ به‌هره‌مه‌ندی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كردووه‌، و له‌ ده‌نگخۆشی و شاره‌زایی له‌ مه‌قام و لاوك و حه‌یران، و هه‌روه‌ها له‌ شیعر هۆنینه‌وه‌ و ئاوازدانان.
به‌ تۆ یار په‌یدا نابێ
په‌یداش بێ فایده‌ی نابێ
سه‌د ساڵ خونچه‌ بشكوی
بێ بولبول به‌هار قه‌ت نابێ
بریندارم بریندارم

ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی له‌ چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو روویكردۆته‌ رادیۆ و ئێزگه‌ی كوردی، به‌ هه‌گبه‌یه‌كی پڕ له‌ داهێنان و هونه‌ری ره‌سه‌ن و شیعر و ئاواز و لاوك و حه‌یران، یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ حه‌یرانی كوردی له‌ رادیۆ گووتوه‌ و به‌ راسته‌خۆیی په‌خشكراوه‌، و هه‌روه‌ها یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ حه‌یرانی نووسیوه‌ته‌وه‌، و به‌تایبه‌تی ئه‌و حه‌یرانانه‌ی كه‌ گووتویه‌تیه‌وه‌ و بۆخۆی دایناوه‌ و دایڕشتووه‌ و له‌ دوو توێی چه‌ند كتێبێكدا تۆماریكردوون، یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ حه‌یرانی له‌گه‌لأ موزیكدا چڕیوه‌، بۆخۆشی شیعری بۆ زۆربه‌ی گۆرانیه‌كانی داناوه‌ و ئاوازی بۆ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی خۆی داناوه‌، بووه‌ یه‌كه‌م كه‌س كه‌ ئاواز بۆ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی خۆی دابنێت، بۆیه‌ به‌ ئاسانی جێگه‌ی خۆی كردۆته‌وه‌ له‌ نێو مامۆستا و پێشه‌نگانی هونه‌ری كوردی. مامۆستا ره‌سوڵ سیمبولی هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی بوو، چونكه‌ لاوك و حه‌یران هونه‌رێكی تایبه‌ت به‌ گه‌لی كوردن، و گه‌له‌كانی تر خاوه‌نی ئه‌م هونه‌ره‌ ره‌سه‌نه‌ نین، و ئه‌م هونه‌ره‌ به‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ناسنامه‌ی گه‌لی كورد داده‌نرێت.  
مامۆستا ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و نیشتمان په‌روه‌ر بووه‌، نه‌ك هه‌ر به‌ هونه‌ر و نووسین به‌ڵكو به‌ گیانیش خزمه‌تی كوردستانی كردووه‌، به‌شدارییه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ شۆرشی ئه‌یلولدا، و یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌ڵه‌ پیاوانه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنی ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان به‌شداری تێداكردووه‌ به‌ گوتنی چه‌ندین سروودی له‌ یادنه‌كراو و هه‌روه‌ها دانانی چه‌ندین سروودی نیشتمانی، بۆته‌ یه‌كه‌م كه‌س كه‌ سروودی نیشتمانی و به‌رگری به‌ شێوازی حه‌یران و مه‌قام بچڕێت.
كاروانی ئێمه‌ كه‌وتۆته‌ رێگا
به‌ ئامانجی كورد هه‌ر ئه‌بێ بگا
ئه‌گه‌رچی شه‌وی خه‌باتی ژیان
گیانی زۆر لاوی وه‌ك گوڵ هه‌ڵوه‌ران
به‌ڵام هه‌ر ئه‌بێ شه‌فه‌ق ده‌ركه‌وێ
كورد له‌و هه‌ورازه‌ سه‌خته‌ سه‌ركه‌وێ

ماڵئاوایی كردنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌، كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی كرده‌وه‌ له‌ هونه‌ری كوردی، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری لاوك و حه‌یراندا، كه‌ زۆر ئاشكرا هه‌ست به‌و كه‌لێنه‌ ده‌كرێت، و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی كرده‌ سه‌ر هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی، چونكه‌ ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی به‌مانای وشه‌ میری حه‌یران و حه‌یرانبێژان بوو، و رێباز و رێچكه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، و جێپه‌نجه‌ی له‌ هونه‌ری كوردیدا دیار و به‌رچاوه‌. ئه‌و بلیمه‌ته‌ به‌ ده‌نگه‌ خۆش و به‌سۆزه‌كه‌ی سه‌دان گۆرانی و لاوك و حه‌یران و مه‌قام و سروودی چریوه‌ و مه‌حاڵه‌ له‌ یادبكرێن، كه‌ وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌ك بۆی به‌جێهێشتین.
مامۆستا ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی دوایی چه‌ندین ساڵ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی دڵ، بێنازانه‌ دڵه‌ ماندووبوه‌كه‌ی له‌  17/10/1994 توانای ترپه‌كردنی نه‌ما و كز و بێده‌نگ بوو، له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا و سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رۆڵه‌ به‌وه‌فاكانی هه‌ولێری دێرین له‌ ئه‌دیبان و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و خزم و براده‌ران، ته‌رمی پاكی ئه‌و زاته‌ مه‌زنه‌یان به‌ خاكی كوردستان سپارد، دوای ئه‌وه‌ی به‌ گشت كۆڵان و شه‌قامه‌كانی هه‌ولێردا دوایین گه‌شت و گه‌ڕانی كرد، و ماڵئاوایی و خواحافیزی له‌ هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ولێر و كوردستان كرد. یاخوا له‌ باوه‌شی خاكدا هه‌ر شاد و سه‌ربه‌رز بیت.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.