Erbil 19°C چوارشەممە 16 تشرینی یەکەم 03:24

روونكردنەوە لەبارەی تەقەكانی شەوی رابردووی شاری هەولێری بڵاو دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر روونكردنەوەیەكی لەبارەی تەقەكانی شەوی رابردووی گەڕەكی رزگاری بڵاوكردەوە كە تێیدا پاسەوانەكانی كوڕانی كۆسرەت رەسوول هێرشیان كردبووە سەر هاووڵاتییەك،  جەخت لەوە كرایەوە كە بەبڕیاری دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەرکراوە کە بەشداربوون لەو ئاژاوەگێڕییەدا.

لە روونكردنەوەكەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر هاتووە "لە ڕێکەوتی 14-10-2024 کاتژمێر 10:45ی شەو، لە گەڕەکی زانیاریی شاری هەولێر، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هاووڵاتییەک بەناوی (م. ت. أ) کە ئۆتۆمبیلێکی جۆری لاندکرۆزەری پێ بووە لەناو بانگەشەکاراندا لە لایەن پاسەوانەکانی کوڕانی کۆسرەت ڕەسوول هێرشی دەکرێتە سەر و تەقەیەکی زۆر دەکەن و زیان بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەشی دەگەیەنن".

هەروەها هاتووە "پاسەوانانی کوڕانی کۆسرەت ڕەسوول ئەمە جاری یەکەمیان نییە، ماوەیەک پێش ئێستاش لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر هەمان کاریان کرد و هاووڵاتییەک بریندار بوو".

ئاماژە بەوەشدراوە "چەندبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕەفتار و کردەوانە دەرخەری ئەوەیە کە پاڵنەرێک هەبێت بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی شاری هەولێر، هەر بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین چیتر لە هیچ کەس و لایەن و هێزێک قبووڵ ناکەین کە بیەوێت ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر تێک بدات، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و سزای یاسایی دەدرێن، خۆشیان بەرپرسیار دەبن لە ئەنجامی هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو".

لە كۆتایی روونكردنەوەكەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر جەخت لەوەشكراوەتەوە "هەر لەو ڕوانگەیەشەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ڕووداوەی شەوی ڕابردوو کراوەتەوە و، لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەرکراوە کە بەشدار بوون لەو ئاژاوەگێڕییە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.