Erbil 34°C دووشەممە 14 تشرینی یەکەم 12:20

پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ له‌ هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی بۆ داندرا

100%

بەردی بناغەی پرۆژەی تێکڕای خەرجیی سفری ئاو "ڕیسایکڵینگ" لە پارکی سامی عه‌بدولڕه‌حمان داندرا.

 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاری ئه‌حمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و جێگری نوێنەری ڕێکخراوی یونسێف لە عێراق و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ئیداری، بەردی بناغەی پرۆژەی تێکڕای خەرجیی سفری ئاو "ڕیسایکڵینگ" لە پارکی سامی عه‌بدولڕه‌حمان داندرا.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ گوتارێكدا باسی له‌ گرنگی پرۆژه‌كه‌ كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌؛ ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکی سەرەکییە لە کارنامەی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ڕەنگدانەوەی خەمخۆریمانە بۆ پاراستنی سەرچاوە گرنگەکانمان، گوتیشی ئه‌م پرۆژه‌یه‌‌ بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەستپێشخەریی ڕێکخراوی هەسار دەستی پێ کرد.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار سه‌باره‌ت به‌ ئامانجه‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ و گرنگی بۆ پاركی سامی عه‌بدولڕه‌حمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد‌ ئامانجی سەرەکی خستنەڕووی مەترسییەکانه‌ كه‌ ڕووبەڕووی ئەم پارکە دەبنەوە، لە گرنگترین مەترسییەکانیش بریتین لە؛ خێراییی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و وشکبوونی زیاتر لە پێنج بیر لە کۆی بیست بیر و بەردەوامبوونی خواستی ئاو لەسەر پارکەکە، بەهۆی زیادبوونی شەپۆلەکانی گەرما و خۆڵبارین، ئەنجامەکان وایان نیشان دا پێویستە دەستێوەردانی دەستبەجێ بکرێت بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی تری ئاو کە پارکەکە کەمتر پشت بە ئاوی ژێر زەوی ببەستێت.
هه‌روه‌ها ساسان عه‌ونی له‌باره‌ی پرۆژەی تێکڕای خەرجیی سفری ئاو له‌ پاركه‌كه‌دا‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش‌ كرد لە یەکەم قۆناغی کرداریدا بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف، ئەرکی دانانی سیستەمێکی ڕیسایکڵینگی ئاویان دا لە جۆری (MBBR)، کە توانای پاڵاوتنی٨٠٠ مەتر سێجا ئاوی پیسی هەیە لە ڕۆژێکدا و دەتوانرێت وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو بۆ پرۆسەی ئاودان لە پارکەکەدا پشتی پێ ببەسترێت.
له‌باره‌ی گوژمه‌ی پرۆژه‌كه‌ش، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاماژه‌ی بەوە كرد كه‌ وەزارەتی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار سوپاس و پێزانینی دەردەبڕێت بۆ ڕێکخراوی یونسێف بۆ هاوبەشیکردن لەم پرسە گرنگەدا، بە گوژمەى 505 هه‌زار دۆلار، هه‌روه‌ها وەزارەتی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریش بە گوژمەى 110 ملیۆن دینار پاڵپشتیی پرۆژەكە دەكات.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ده‌شڵێت: پرۆژه‌كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی داهاتوودا بریتی ده‌بێت له‌ دانانی سیستەمی زیاتری پاڵاوتنی ئاو بۆ ئەوەی ڕێژەی ئاوی ڕیسایکڵینگ بەرزتر ببێتەوە و خواستی پارکەکە پڕ بکاتەوە، له‌گه‌ڵ جێگیرکردنی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا و ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی تری بنەڕەتی لەسەر دۆخی ئاودێری و چاودێریکردنی پۆسەی ئاودان بە گشتی لە پارکەکەدا بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هەستەوەری پێوانی ڕادەی شێ و پێشنیارکردنی تەکنیکی سەردەمییانەی ئاودێری بۆ ناو پارکەکە و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە کاتی پرۆسەی ئاودانی سەوزاییەکانی ناو پارکەکە. گوتیشی: ئەم پرۆژەیە نموونەیەکی درەوشاوەیە و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی قۆناغەکانی داهاتووی ده‌كه‌ین، كه‌ کاریگەرییەکی باشتر بۆ پارکەکە دروست بكات.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.