سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە واژۆی لەسەر دوو بڕیاری گرینگ كرد كە ئەوانیش بریتین لە لێبوردنێكی تایبەت بۆ ژمارەیەك حوكمدراو لەگەڵ بڕیاری بە قەزاكردنی تەقتەق.
دلشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "بەپێی بڕگەی (6) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ـ عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005 هەموارکراو، ئەمڕۆ یەکشەممە 2024/10/13، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ژمارە (336) دەرکرد کە لێبوردنێکی تایبەتە بۆ ژمارەیەک لە حوکمدراوانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی لێبوردندا کە بەردەوامی دەبێت".
راشیگەیاند "بەپێی ئەو فەرمانە (17) حوکمدراو کە بەشی زۆری ماوەی حوکمەکەیان تەواو کردووە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، لێبوردنە تایبەتییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیانگرێتەوە".
هەروەها رایگەیاند "ئەو فەرمانە دەرئەنجامی ڕاسپاردەیەکی پێشتری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجوومەنی دادوەری، هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بەندیخانە و چاکسازییەکان. لیژنەکە لە ماوەی ڕابردوودا لە دۆخی ئەو حوکمدراوانەی کۆڵیوەتەوە کە سەرباری تەواوکردنی ماوەیەکی زۆری حوکمەکەیان، مەترسیییان نەماوە و دەتوانن تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، بۆیە پێشنیازی ئازادکردنی کردوون".
دلشاد شەهاب ئاماژەی بەوەش دا "هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی ژمارە (335)ی تایبەت بە هێنانەکایەی قەزای (تەقتەق)ی دەرکرد".
گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی "پاش ئەوەی هێنانەکایەی قەزای (تەقتەق) لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشنیاز کرا و ڕەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ هێنانەئارای قەزاکە دەرکرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.