Erbil 32°C پێنجشەممە 10 تشرینی یەکەم 17:19

سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- کۆیەی دانا

100%


سەرۆکی حکوومەت: بەرنامەی حکومەت ئەوەیە شۆڕشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری، بێ هیچ جیاوازیيەک بگەیه‌نینە هەموو ناوچەکانی کوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمێکی تایبەتدا ، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر - کۆیەی دانا.

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە ئەم ڕێگەیە دەتوانێت ئاسانکارییەکی زۆر بکات بۆ بەستنەوەی شاری کۆیە و تەقتەق و دەوروبەری بە هەولێر . هەروەها یارمەتیدەری بەستنەوەی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانیشە و تەواوکردنی دووسایدی ئەو دوو پارێزگایە و سەرەنجام بەستنەوەی شارەکانە بە یەکتر.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ئێمە بەرنامەمان زۆر هەبووە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی باشی ڕێگەوبان وبەستنەوەی هەموو شارەکان بە یەکترەوە . گوتیشی پێش چەندین ساڵ، بەرنامەی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە هەبووە بەڵام بە هۆکاری جیاواز و ئەو گرفتانەی بۆ حکومەت وکابینەکانی پێشووتر هاتنە پێشەوە، نەتوانرا جێبەجێ بکرێت.بەڵام ئێستا بڕیارمانداوە بە دیزاین و کوالێتیەکی باشتر و مەرج و ستاندارێکی نێودەوڵەتی پرۆژەکە جێبەجێ بکەین و هیوادارم لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.

سەرۆکی حکومەت هەروەها ڕوونیکردەوە کە هەموو شارێکی کوردستان پێویستی بە خزمەتی زیاترە. خەڵکی خۆشەویستی کۆیەش شایانی ئەوەن خزمەتێکی باشتر بکرێن.
هیوادارم چیتر ڕێگری و بەربەست نەبن بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی وخزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری بە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بگەیەنین. چونکە بەرنامەی حکومەت ئەوەیە پڕۆژەکانی حکومەت لە هەموو ناوچە کوردستان بێ هیچ جیاوازیەک جێبەجێ بکەین.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە پێشتریش حکومەت بڕیاریداوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەموو پارێزگا و ناوچەکان جێبەجێ بکرێن و تەرخانی داراییشیان بۆ بکرێت. بەڵام لە پارەدارکردن و جێبەجێکردندا، بەداخەوە بەربەست هەبووە . هیوادارم چیتر ئەم بەربەستانە نەمێنن تاکوو هەموولایەکمان شادبین بەو هەڵمەتی شۆڕشی خزمەتگوزارییەی لە حکومەتەوە دەستمان پێکردووە .
لە کۆتاییدا سەرۆک حکومەت داواى لە هاووڵاتییان کرد کە دوای ئەوەی ئەم جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ دەکرێن، ڕێز لە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و حەرەمی جادەکان بگرن و زێدەڕۆیی نەکەنە سەر ئەو حەرەمە، چونکە ئەم ڕێگایە چەند سوودی هەیە بۆ خێراترکردنی هاتووچۆکردن لە نێوان دوو شار، ئەوەندەش سوودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ. هەروەها سیمای وڵاتەکەشمان جوانتر دەکات. بە تایبەتی کە شوێنی تایبەتیش دیاریکراوە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوەی بۆ خۆیان كارو کەسابەت بکەن لە نزیک ئەم جادانە. بۆیە هیوادارم پابەندی ڕێنماییەکان بن.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.