Erbil 21°C ھەینی 27 ئەیلوول 02:17

پارێزگاری هەڵەبجە: جێبەجێکردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە بەرهەمی سەردانی مه‌سرور بارزانییه‌ بۆ پارێزگاكه‌مان

100%


- ساسان عەونی: مەسرور بارزانی لە هەڵەبجە بڕیاریدا بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شارەكە و لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە
- ئازاد تۆفیق: ماستەرپلانی هەڵەبجە بەرهەمی سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ هەڵەبجە
- تا ئێستا شاری هەڵەبجە ماستەرپلانی نەبووە و بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە فراوانبوونەكەی بەپێی ستانداردەكان دەبێت
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای خطیب و علمي، گرێبەستی دانانی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجەیان واژوو كرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت: ئەو پڕۆژەیە لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوێ بڕیاریدا ماستەرپلان بۆ شارەكە دابندرێت. هاوكات پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت: سوپاسی كابینەی نۆیەم دەكەین بۆ ئەو پڕۆژەیە و دەشڵێت: ماستەرپلانی هەڵەبجە بەرهەمی سەردانەكەی  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ هەڵەبجە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی ئەیلوولی 2024، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و كۆمپانیای خطیب و علمي، گرێبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار واژوو كرا، تا ئێستا هەڵەبجە ماستەرپلانی نەبووە، بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە شارەكە بەپێی ستانداردەكان فراوان دەبێت و لە هەموو ڕووێكەوە دەبووژێتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی واژووكردنی گرێبەستی پڕۆژەكەدا بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن باسی لە ڕوئیا و دیدگاكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چۆنیەتی بڕیاردان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە كرد و لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: لە 22/2/2024  كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەی كرد و لەوێ داوای جێبەجێكردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە كرا و ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەوێ بڕیاریدا بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە و ئێمەش وەكوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ تیمی وەزارەت لە 28/2/2024 سەردانی پارێزگەی هەڵەبجەمان كرد و لەگەڵ پارێزگار و دامودەزگەكانی هەڵەبجە كۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەسەر چۆنیەتی دەستپێكردنی ماستەرپلانەكە كرد كە هەموو فەرمانگە پەیوەندارەكان لەگەڵ ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانیی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستیان بە كارەكان و گفتوگۆی زۆر باش لەسەر چۆنیەتی ماستەرپلانەكە كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، سەبارەت بە دابینكردنی گوژمەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، ڕایگەیاند: لە 30/5/2024 ڕەزامەندی نووسینگەی ڕێزدار جەنابی سەرۆكوەزیران لەسەر تەرخانە داراییەكەی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە وەرگیرا و لەوكاتەوە تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوبەشی لەگەڵ تیمەكانی پارێزگەی هەڵەبجە دەستیان بە ئامادەكاری و سۆراخكردنی كۆمپانیایەك كرد و دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەكی زۆر كۆمپانیای خطیب و علمي دەستنیشان كرا بۆ ئەو پڕۆژەیە كە لە هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاری لە بواری ماستەرپلاندا كردووە وەكوو پشتێنەی سەوزایی هەولێر.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت لەسەر تەواوكردنی پڕۆژەكە لە وادەی خۆیدا دەكاتەوە و لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكە 450 ڕۆژە و كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنی داوە كەمتریش لەو وادەیەدا تەواوی بكات. سەبارەت بە گوژمەی پڕۆژەكەش، ساسان عەونی، گوتی: زیاتر لە یەك ملیار دینارە و لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەموو هاوئاهەنگی و ئاسانكاریەكیش پێشكەش دەكەین بۆ ئەوەی باشترین و جوانترین و گونجاوترین و پێویستترین ماستەرپلان بۆ شاری هەڵەبجە جێبەجێ بكەین.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەمیانەی واژووكردنی گرێبەستەكە باسی لە گرنگی پڕۆژەی ماستەرپلان بۆ شاری هەڵەبجە و هەوڵەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كرد و جەختی كردەوە كە سەرۆكی حكوومەت ڕۆڵێكی گرنگیان لە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجەدا دیوە و هەروەها ئازاد تۆفیق سوپاسی كابینەی نۆیەمی كرد بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە و لەمبارەیەوە گوتی: خۆشحاڵین و بە گەرمی سوپاسی كابینەی نۆیەم و جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین بۆ ئەو پڕۆژەیە.
پارێزگاری هەڵەبجە گوتیشی: ماستەرپلانی هەڵەبجە بەرهەمی سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ هەڵەبجە. هەروەها  سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و خودی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری كرد كە لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیەدا ڕۆڵیان هەبووە و كاری جدیان لەسەر كردووە، دواتر ئاماژەی بەوە كرد كە ماستەرپلان دەبێتە دڵی شارەكە.
جێگەی باسە، تا ئێستا شاری هەڵەبجە ماستەرپلانی نەبووە و ئەمەش چەندین گرفتی بۆ گەشەپێدانی شارەكە بەشێوەیەكی زانستی دروستكردووە، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە واژوو كرا و لەمڕۆوەش دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆیەوە شارەكە بەپێی ستانداردە جیهانییەكان فراوان دەبێت و دەبووژێتەوە.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.