سهرۆك مهسعود بارزانی پهیامێكی بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بڵاوكردهوه.
له پهیامهكهی سهرۆك مهسعود بارزانییدا هاتووه، بەبۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.
سهرۆك بارزانی دهشڵێت، دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی بارزانیی نەمر جەختکردنەوە بوو لە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی بوو لە بەشداریكردنیان لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرز ڕاگرتنی ڕەسەنایەتی و بەها ئایینیەکان و کولتووری پێكەوەژیان لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد.
سهرۆك بارزانی ئاماژهی بهوهش داوه، هەمیشە ئەو چاوەڕوانیە لە زانایانی ئایینی و مامۆستا بەڕێزەکان هەیە ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە بەهێزکردنی هەستی نیشتیمانپەرەوەری و بەها مرۆڤییەکان و تەبایی و پێکەوەژیان و هۆشیارکردنەوەی جەماوەر بگێڕن.
له كۆتاییدا سهرۆك مهسعود بارزانی ڕایدهگهێنێت، لەم بۆنە مێژووییەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم، خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.