Erbil 18°C شەممە 23 تشرینی دووەم 10:51

دوای رووداوی تەقینی ئامێرەكان لە لوبنان.. عێراق بڕیارێكی بەپەلە دەردەكات

کوردستان TV
100%

حكوومەتی عێراق بڕیاری دا بۆ لەمەودوا رێوشوێنی بەپەلە و توندی خۆپارێزی بگرێتەبەر لە سەرجەم ئەو ئامێرە ئەلیكترۆنییانەی لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەكرێن، دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا لەلایەن ئیسڕائیلەوە هەزاران ئامێری پەیوەندیكردنی بێتەل لە لوبنان تەقێنرانەوە.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەنجامدرا.

یەحیا رەسوول گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی كرد ڕێوشوێنی بەپەلە و توندی خۆپارێزی بگرنە بەر بۆ ئەگەری هەر هێرشێكی ئەلیكترۆنی لەلایەن وڵاتانەوە.

راشیگەیاند: محەمەد شیاع سوودانی هەروەها فەرمانی كرد پێش ئەنجامدانی هەر گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان بەتایبەت بۆ هاوردەكردنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، لێكۆڵینەوەی ورد و توند ئەنجام بدەن.

ئەمە لەكاتێكدایە كە هۆشداری درابوو و پێشبینی كرابوو لە عێراق و سووریاش وەك لوبنان رووداوی تەقینی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن روو بدەن.

ئیسڕائیل لە دوو رۆژی رابردوودا هەزاران ئامێری پەیوەندیكردنی پێجەر و بێتەلی لە وڵاتی لوبنان تەقاندەوە، دوێنێ بەهۆی تەقینی ئامێرەكانەوە 9 كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 3 هەزار كەسی دیكەش بریندار بوون.

ئەمڕۆش بەهەمانشێوە بەهۆی تەقینی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن 14 كەسی دیكە گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 400 كەسی دیكەش بریندار بوون.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.