جێگری سەرۆکی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق رایگهیاند، لیژنهیهك بۆ سهرژمێری گشتیی له ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی كوردستان پێكهێنراوه و ئهگهر چهند خاڵێك جێبهجێ نهكرێن، ناچینه نێو پرۆسهی سهرژمێری گشتیی عێراقەوە.
شاخهوان عهبدوڵا جێگری سهرۆكی پهرلهمانی عێراق رایگهیاند: لیژنەیەک لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروستکراوە كە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێم سەرۆکایەتیی دەکات، هاوكات نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەکانی دیکەشی تێدایە و ھەماھەنگی زۆر باشیان لەگەڵ ئێمە ھەیە.
شاخهوان عهبدوڵا گوتیشی: چهند خاڵێک ھەن لەبارەی ناوچە کێشە لەسەرەکان رێککەوتن کراوە، ھەندێک خاڵ ماوە دەمانەوێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت، بەبێ ئەوانە ئێمە ناچینە ناو پرۆسەكهوه.
جێگری سەرۆکی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق گوتیشی: لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان خەڵکێکمان ھەن ئاوارەن و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان نین، ئاوارەیەکی زۆریش ھاتوونهته ئەو ناوچانە.
شاخهوان عهبدوڵا ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە سەرژمێری 1957 ھەبن و تۆماری ئەو کات ببێتە بنەمایەک بۆ سەرژمێری لەو ناوچانە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان نیگەرانین و بە گومانەوە لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی عێراق دەڕوانین.
ئاماژهی بهوهشدابوو: لەلایەک هێشتا ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە، لەلایەکی دیکەشهوه مێژووی سەرژمێرییەکانی ڕابردوو ئەزموونێکی تاڵ و کاریگەری خراپیان بۆ کوردستان هەبووە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە سوپاسەوە لە دەرئەنجامی هەوڵەکانی وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڕوانین لهوهی کاری جددییان بۆ نەهێشتینی کاریگەریی سیاسی لەسەر سەرژمێرییەکە کردووە، لهوهی كە پێویسته تواناکان بە ئاراستەی گەڕانەوەی تەواوی ئاوارە و خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچانە یەک بخرێن کە ئێستا لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانن.
بڕیارە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە رۆژانی 20 و 21ی مانگی 11ی ئەمساڵ، سەرژمێری گشتیی لە تەواوی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجام بدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.