Erbil 9°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 08:45

سەرۆکی حکوومەت: ئامانجمان باشترکردنی كوالێتی و ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستییە لە كەرتی گشتییدا

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ چوارشەممە 9/18، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە شاری هەولێر دانا.

سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا جەختی کردەوە كە كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان هێشتا خزمەت و چاكسازیی زۆری پێویستە. هەروەك باسی لەوەش كرد كە لە كەرتی تەندروستیی هەرێمدا، دەبێت كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هاوسەنگ و هاوتەریب گەشە بكەن، كوالێتی و ئاستی خزمەتگوزاری لە كەرتی گشتیی تەندروستیدا دەبێت باشتر بێت.

ئەمەش دەقی گوتارەکەیە؛

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز، بەیانیتان باش، زۆر زۆر بەخێر بێن.

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەردی بناخەی پرۆژەیەكی زۆر گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین، كە پرۆژەی نەخۆشخانەی چارەسەركردنی شێرپەنجەیە، كە بە ئاست و كوالێتییەكی پێشكەوتوو دروست دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیيانی خۆشەویستی شاری هەولێر و هەموو كوردستان.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان چەند نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجەمان هەن كە خزمەتێكی زۆر بە هاووڵاتیيانمان دەكەن، هەروەها نەخۆشەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش، بە تایبەتی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بۆ چارەسەر ڕوویان تێدەكەن. بۆیە بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو پزیشك و كارمەندانی ئەو نەخۆشخانانە بكەم بۆ ئەو ئەركە پیرۆز و مرۆڤانانەی ئەنجامی دەدەن.

كەرتی تەندروستیمان هێشتا خزمەت و چاكسازیی زۆری پێویستە، لە سەرەتای كابینە، چاكسازی لە سیستەمی تەندروستی لە یەكەم هەوڵەكانم بوو، بۆ ئەو مەبەستەش پرسمان بە پسپۆڕانی دەرەوەی وڵاتیش كرد، بەڵام بەداخەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، فشار و قورسایی پەتای كۆرۆنا هەمووی كەوتە سەر ئەم كەرتە و كاریگەری لەسەر هەنگاوەكانمان هەبوو. وێڕای ئەوەش، هەنگاوی بەرچاو لە بواری ڕێكخستنەوە و كوالێتیی داو و دەرمان نراوە.

لە كەرتی تەندروستیی هەرێمدا دەبێت كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هاوسەنگ و هاوتەریب گەشە بكەن، كوالێتی و ئاستی خزمەتگوزاری لە كەرتی گشتیی تەندروستیدا دەبێت باشتر ببێت، هاووڵاتی دەبێت لە نەخۆشخانە گشتییەكاندا هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكات. هەندێك هەنگاوی كردەییمان لەم بوارە دەست پێكردووە و نووسینگەی خۆم ڕاسپاردووە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، وەك پرۆژەی تاقیكاری، چەند نەخۆشخانەیەكی كەرتی گشتی پێش بخەن كە بە نەخۆشخانەی ڕزگاری - هەولێر (كە یەكێكە لە گەورەترین نەخۆشخانەكانی كوردستان) دەست بەم پرۆژەیە كراوە.

بەڕێزان:

ڕێژەی شێرپەنجە لەم ناوچەیەدا وەكوو هەموو جیهان زیادی كردووە، بۆیە پێویستە بە وردی هەم كار لەسەر كەمكردنەوەی هۆكارەكانی تووشبوون بكەین، هەمیش باشترین چارەسەرەكان بۆ نەخۆشەكانمان دەستەبەر بكەین، لەپێناو كەمكردنەوەی بارگرانیی تێچووی چارەسەركردنی نەخۆشەكانی شێرپەنجەش، ئێمە پاڵپشتیی سندووقی تایبەت بە كۆمەككردنی تووشبوانی شێرپەنجە دەكەین و هیوادارین كەرتی تایبەت و هاووڵاتیانیش بەپێی توانا یارمەتیی ئەو سندووقە بدەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو توانای خۆی لەپێناو باشتركردنی دۆخی تەندروستی و بەرزكردنەوەی ئاست و كوالێتیی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكانمان دەخاتە گەڕ. لە هەرێمی كوردستان توانای زانستی و پزیشكیی باشمان هەیە و پزیشكی زۆر باشمان هەیە كە دەتوانن بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی هاووڵاتیيانمان بكەن.

لە كۆتایی، هیوای ساخ و سەلامەتی بۆ هەمووان دەخوازم و ئومێدی چاكبوونەوەی خێرا بۆ هەموو نەخۆشانی شێرپەنجە دەخوازم و ئێمەش هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ هاوكاریكردن و چارەسەركردنیان درێخی ناكەین. دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكاری ئەم پرۆژەیە دەكەم، هیوادارم لە كاتێكی زوودا بتوانن ئەم نەخۆشخانەیە تەواو بكەن بۆ ئەوەی بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيان، چ لە شاری هەولێر، چ لەسەر ئاستی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراق. بەڵام ئەمە تەمەننا دەكەم خەڵك مەجبوور نەبێت سەردانی بكات.
لە كۆتاییدا هیوادارم هەمووتان شاد و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.