وەزیری دەرەوەی ھەنگاریا، پیتەر سییارتۆ لە میانی سەردانەکەی بۆ قاھیرە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر، بەدر عەبدولعاتی کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، بەدر عەبدولعاتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەش لەگەڵ پیتەر سییارتۆ ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی کارەساتباریان لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا تاوتوێ کردووە و گوتی: ئەوەی ئێستا بۆ میسر کاری لەپێشینە، گەیشتنە بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان حەماس و ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەڕای ئەوەى ماوەی چەند مانگێکە ھەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بەردەوامن و چەندین پێشنیاز بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش کراون، بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ بەردەوامە لە دانانی مەرجی نوێ کە ڕێگری دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە.
گوتیشی: ئەگەر دۆزی فەڵەستین لەسەر بنەمای بریارە نێودەڵەتییەکان چارەسەر نەکرێت کە خۆی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر سنووری 1967 دەبینێتەوە و پایتەختەکەی قودسی ڕۆژھەڵاتە، ئەوا ئاشتییەکی دادپەروەری لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەدی نایەت.
باسی لەوەش كرد کە دەبێت جەخت لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی بکرێتەوە (ئیسرائیل و فەڵەستین) و بەتایبەتیش پێویستە بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکرێت، چونکە دەوڵەتی ئیسرائیل ھەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.