سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر بڕیاری دا دروستكردنی خانووی دابەش دوو بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بكرێتەوە و داواشی لە هاووڵاتییان كرد سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی بكەن بۆ مەبەستی راییكردنی مامەڵەكانیان.
سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر بڵاوی كردەوە: لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دانیشتووانی شاری هەولێر، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بەمەبەستی ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو بەشێوەی دابەش دوو داوا لە هاووڵاتیان دەکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بکەن بە مەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان بەپێی ڕێکار و ڕێنماییە یاساییەکان.
بڵاویشی كردەوە: لە ڕێنماییەکانی پێشوودا ڕێپێدان بەشێوەی دابەش دوو بۆ هەموو هاووڵاتییەک ڕێگەپێدراو نەبوو، بەڵام لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان بە گشتی و خەڵکی کەم دەرامەت بەتایبەتی،
بەپێی ڕێنمایی نوێی وەزارەتی شارەوانی، ئێستا ڕێپێدان هەموو ئەو گەڕەکانە دەگرێتەوە کە ڕێژەی لە (60٪)ی بینای دابەش دووی لێ دروستکراوە.
سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا: هەر بەپێی ڕێنمایییەکان، هاووڵاتی دەتوانێت بە یەک ناو لە وێنەی تۆمار، دوو خانوو بەشێوەی دابەش دوو دروست بکات بەپێی جێبەجێکردنی مەرج و ڕێکارەکان .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.