جه‌مالى ده‌لاك...
وێڕاى ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تى و به‌دبه‌ختى و تاڵانكردن و چهوساندنهوهيه به‌سه‌ركوردستاندا هاتووه به‌گشتى، و به‌تايبه‌تى ناوچه‌ى گه‌رميان و گه‌رمه‌سێر له‌و كاره‌ساته تراژيديیانهدا پشكى شێرى به‌ركه‌وتووه، ناحه‌زان و دوژمنانى كورد كه دژ به سروشت و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و زمانى كوردى بوون تاڕاده‌ى خاپووركردن و نه‌مان و سڕينه‌وه كاريان له‌سه‌ر كردووه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ناوچه‌ى گه‌رميان له لوتكه‌ى خۆڕاگريدا نه‌يانهێشتووه بۆ هه‌ميشه ناوچه‌كه‌يان زه‌وت بكرێت و فه‌رهه‌نگ و كهلتوورهكهيان پاراستووه به‌گشتى و به‌تايبه‌ت هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندى ناوچه‌كه، ئه‌و ناوچه فراوان و ده‌وڵه‌مه‌نده زاده‌ى ده‌يان هونه‌رمه‌ندى مه‌قامبێژ و به‌سته‌بێژ بووه، كه كاريگه‌رييان نه‌ك له‌سه‌ر هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى داناوه، ته‌نانه‌ت گرینگى و بايه‌خ و ڕه‌وانبێژى و ڕه‌سه‌نى مه‌قامبێژى له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانى عه‌ره‌بى دراوسێش داناوه.
له گه‌رمه‌سێره‌وه ده‌نگێك و سۆزێكى مه‌قامبێژى و مهقامزانى به‌گوێى هه‌موواندا دهچريكێنێ، ڕۆحمان په‌لكێش ده‌كات به‌ره‌و شاره جوانه‌كه‌ى خانه‌قين، واهه‌ست ده‌كه‌يت ئه‌و هونه‌رمه‌نده له‌سه‌ر ڕۆخى ڕووبارى ئه‌ڵوه‌ن دانيشتووه و ده‌ستى خستۆته بناگوێ و كهف و كوڵى دڵى پڕ حه‌سره‌تى و ده‌موو دوويهك له‌گه‌ڵ ئاوى ئه‌ڵوه‌ن ده‌كات و ده‌بێژێ...... ئه‌ڵوه‌ن ئاى ئه‌ڵوه‌ن ئاى،،،،،،
هونه‌رمه‌ند خوداداد عه‌لى (خوداداد عەلی کەریم سۆرەمەیری) له ئاوايی عهلهمدارى سه‌ر به شارى خانه‌قين له خێزانێكى هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت له يه‌كێك له ڕۆژ و مانگه‌كانى ساڵى 1912 بهدنيا هاتووه.
له‌و سه‌رده‌مه‌ى هونه‌رمه‌ند بهدنيا هاتووه، دواى چه‌ند ساڵێك جه‌نگى وێرانكه‌رى يه‌كه‌مى جيهانى هه‌ڵگيرساوه، و به‌دبه‌ختى و نه‌بوونى و هه‌ژارى ڕووى له شارى خانه‌قين كردووه، كاتێك خوداداد له‌ڕووى ته‌مه‌نه‌وه هه‌راش ده‌بێت و كاتى ئهوهيهتى وه‌ك ههرمنداڵيكى ئاسايی بخرێته به‌رخوێندن، به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا قوتابخانه له شارى خانه‌قين نه‌بووه، و باوكيشى حه‌ز و خواستى بووه كه كوڕه‌كه‌ى بخرێته به‌ر خوێندنى ئايينى و له پاشه‌ڕۆژدا ببێته مه‌لايه‌كى پڕزانستى ئاينى پيرۆزى ئيسلام.
خوداداد ده‌خرێته به‌رخوێندن له حوجره بۆ مه‌به‌ستى ئاشنابوون به‌خوێندن و خوێندنه‌وه له‌سه‌ر ئاينى پيرۆزى ئيسلام، دواى ته‌واوكردنى قۆناغه‌كانى خوێندنى ئايينى و كه‌سێكى لێهاتوو و زانا له‌و بواره‌دا ده‌بێته فه‌قێ و وانه‌ى ئاينى به‌منداڵان ده‌ڵێته‌وه تاماوه‌ى 5 ساڵ له‌سه‌ر ئه‌و كاره به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه هونه‌رمه‌ند له ته‌مه‌نى مێرمنداڵييهوه چاوێكى ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم (چاوى ڕاستى) دووچار و گرفتارى چاوئێشه ده‌بێت و تارماييه‌ك له‌سه‌ر چاوى چه‌پى دروست ده‌بێت و كار له‌سه‌ر بينينى ده‌كات، به‌داخه‌وه به‌هۆى نه‌بوونى نه‌خۆشخانه و پزيشكى پسپۆرى چاو له‌و سه‌رده‌مه‌دا، خانه‌واده‌كه‌ى بۆ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردن هانا ده‌به‌نه‌به‌ر پزيشكى ميلـلى و به‌كارهێنانى ده‌رمانى نه‌گونجاو و هه‌ڵه، به‌داخه‌وه هونه‌رمه‌ند ئه‌و چاوه‌ى بينايی له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌و تاك بينينيیهى چاوى ده‌بێته هۆكار كه چيدى تر نه‌توانێ درێژه به‌كارى وانه‌وتنه‌وه‌ى ئايينى بدات و وازى لێ دێنيت.
هونه‌رمه‌ند خوداداد عه‌لى زاده‌ى ناوچه‌يه‌كى فره ده‌وڵه‌مه‌ندى گه‌رمه‌سێره، له‌بوارى چرينى مه‌قامه ڕه‌سه‌نه كوردييه‌كان (ئاى ئاى، خاوكه‌ر، خورشيدى، قه‌تار، ئهڵڵاوهيسى و هۆره....تاد).
باوكى هونه‌رمه‌ند واته (عەلی کەریم سۆرەمەیری) يه‌كێك له ده‌نگخۆش و هۆره چڕ و مهقامبێژهكانى ناوچه‌كه بووه، ئه‌مانه هۆكاربوون كه هه‌ست و سۆز و گوێي خوداداد، به‌و مه‌قامه ڕهسهنانهى ناوچه‌كه گۆش بكرێن.
خودادادى هونه‌رمه‌ند لهوژينگه ده‌وڵه‌مه‌ند و لێوانلێوه له‌سۆز و چێژى ڕه‌سه‌نايه‌تى مه‌قامدا هه‌ستى بهدهنگخۆشی خۆى كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌دارى و هه‌ژارى له‌مپه‌رێكى ديكه‌ى به‌رده‌م ژيانى بووه، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند پشت به وزه و تواناى خۆى هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى كارى داوه و گوند و ئاواييه‌كانى ده‌وروبه‌رى شارى خانه‌قينى كردووه و كارى كرێكارى و وه‌رزێرى كردووه، له‌م گه‌ڕان و تێكه‌ڵابوون به‌و خه‌ڵك و كه‌لتوورى ئه‌و ئاواييانه و ڕۆژانه گوێی له هونه‌رى پاك و بێگه‌ردى ناوچه‌كه‌ى بووه و ئه‌ميش خوداوه‌ند گهروويهكى به‌سۆز و توانايه‌كى ده‌نگخۆشی پێ به‌خشيوه، ئه‌و زانياريانهى خستۆته سهرخهرمانى هونه‌رى خۆی و سوودى لێوه‌رگرتوون.
ده‌نگخۆشی و تواناى چرينى مه‌قام و به‌سته‌ى هونه‌رمه‌ند خوداداد عه‌لى له‌نێو كه‌سوكار و هاوڕێيان و شارى خانهقيندا بڵاو ده‌بێته‌وه، ئه‌ميش به ده‌نگه خۆشه‌كه‌ى به‌شدارى بۆنه ئايينى و نيشتمانييه‌كان ده‌كات و زياتر ده‌ناسرێت، و سه‌رنجى ئاماده‌بووان بۆ لاى هونه‌ره‌كه‌ى ڕاده‌كێشێت.
ده‌بێت فريادڕهسێك هه‌بێت ده‌ستى بگرێت و به‌هاناى ده‌نگخۆشی هونه‌رمه‌نده‌وه بێت.....؟
ساڵى 1956 كهسايهتيیهكى دڵسۆز و ڕێنيشانده‌ر به‌ناوى (فازيل شاكر) (1) كه كه‌سێكى هونه‌ردۆست بوو، له‌و كاته‌دا وه‌ك پيشه ئه‌فسه‌رى سوپا ده‌بێت له شارى به‌غدا، له گهڕانهوهيدا هونه‌رمه‌ند خوداداد عه‌لى له‌ته‌ك خۆي‌دا ده‌بات بۆ شارى به‌غدا و ده‌يباته به‌شى كوردى له ڕاديۆى كوردى به‌غدا و پێيان ده‌ناسێنێ.
له‌به‌شى كوردى ڕاديۆ له‌لايه‌ن ليژنه‌يه‌كه‌وه ده‌نگى تاقى ده‌كرێته‌وه و به‌خۆشحاڵييه‌وه وەری ده‌گرن.
سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ند خوداداد عه‌لى ده‌خرێته كۆرسى ڕاديۆ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان (ئه‌حمه‌دى شێخاڵى، خه‌ليل عه‌بدوڵڵا، قادر ئه‌حمه‌د و جه‌مال جه‌لال)، هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ى سه‌ندنه‌وه‌ى گۆرانى گۆرانيبێژان له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ندانى هاوڕێی به‌رده‌وام ده‌بێت تا ڕێكه‌وتى (شه‌ممه _ 3/5/1958) وه‌ك گۆرانيبێژ بۆ ماوه‌ى 15 خولهك مه‌قام و گۆرانی خوێندووه (2).
له ڕاديۆى كوردى به‌رده‌وام ده‌بێت له تۆماركردنى به‌سته و مهقامهكانى و تا كۆچى دوايی 102 مه‌قام و به‌سته‌ى خستۆته سه‌ر گهنجينهى به‌نرخى مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى كه ديارترينيان (ئه‌ڵوه‌ن)ـه بۆته ناسنامه و به‌باڵاى هونه‌رمه‌ند خوداداد عه‌لیدا بڕاوه.
هونه‌رمه‌ند په‌يوه‌ندييه‌كى توند و لێوان‌لێو له هاوڕێيه‌تى خۆشه‌ويستى هه‌بووه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى ئه‌و كاتى به‌غدا وه‌ك (مامۆستا عه‌لى مه‌ردان، تايه‌ر تۆفيق و ڕه‌سوول گه‌ردى،،،، تاد) كه‌سێكى قسه‌خۆش و خۆش مه‌شره‌ب و نوكتهزانيش بووه.
هونه‌رمه‌ند خوداداد عه‌لى دواى ئه‌وه‌ى ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ى له‌ڕێی ڕاديۆى كوردى به‌غداوه بڵاو بۆوه و له‌نێو خه‌ڵكيدا ناسرا، گه‌ڕاوه‌ته‌وه زێده‌كه‌ى خۆی و وه‌ك ئه‌ركێكى نه‌ته‌وه‌ی به‌شدارى ئاهه‌نگى جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌ی نه‌ورۆز و جه‌ژنه ئايينيهكانى وه‌ك جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان و قوربان له شارى خانهقيندا كردووه،له شوێنه دياره‌كانى خانه‌قين كه شوێنى گه‌شتوگوزار و سه‌يرانى خه‌ڵكى بووه وه‌ك (ئيمام عه‌باس، عه‌له‌مدار، باوه مه‌حمی و خدرى زنده) ده‌نگى به‌سۆزى هه‌ڵبڕيوه و به ده‌نگه خۆشه‌كه‌ى ئاماده‌بووانى سه‌رمه‌ست و سه‌رسام كردووه.
هونه‌رمه‌ند هونه‌ر و هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یی پێكه‌وه گرێداوه، له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى نيشتمانى و دلسۆزیی بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ى چه‌ندينجار له‌لايه‌ن ڕ‌ژێمى به‌عسه‌وه زيندانى كراوه، له ساڵى 1962 بۆ 1963 ماوه‌ى 9 مانگ زيندانى كراوه، هه‌روه‌ها له ساڵى 1965 تا 1970 له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى كوردايه‌تى و ناوبراو ئه‌ندامى پارتى ديموكراتى كوردستان بووه له زيندانى (فضيليه) گيراوه.
له يه‌كێك له ئاهه‌نگه‌كاندا هونه‌رمه‌ند خوداداد عه‌لى به‌ده‌نگى به‌رز ناخى گڕگرتووى سه‌باره‌ت به چه‌وساندنه‌وه و زوڵم و سته‌مى داگير دهچريكێنێ و ده‌ڵێت (ده‌ترسم ئه‌و ده‌وره ده‌ورى ناكه‌س بێ
ناكه‌س حاكم بێ يا نهم ده‌ربه‌س بێ)
له‌سه‌ر ئه‌م گۆرانيیه له‌لايه‌ن چهتهوڵهكانى حيزبى به‌عسه‌وه بۆ ماوه‌ى ساڵێك ڕاپێچى زيندانى ئه‌منى عامه ده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شۆڕشى ئه‌يلوول و ئاشكرابوونى ڕێكخستنه‌كانى پارتى ديموكراتى كوردستان له شارى خانه‌قين، هونه‌رمه‌ند ده‌ستگير ده‌كرێت و سزاى له‌سێداره‌دانى بۆ ده‌رده‌چێت تا له ڕێكه‌وتى 22/4/1975 به‌ر لێبوردنى گشتى ده‌كه‌وێت و ئازاد ده‌كرێت.
هونه‌رمه‌ند له ماوه‌ى ژيانيدا 3 جار ژيانى هاوسه‌رگيرى پێكهێناوه و به‌روبوومى ئه‌و ژيانى هاوسهرگيرييهى 2 كوڕ (حه‌ميد و مه‌جيد) و 2 كچ بووه. (3)
دواى ئه‌و كاروانه دوورودرێژه له بهخشينى هونه‌ری و هه‌ڵوێستى نه‌ته‌وه‌یی، پيرى و نه‌خۆشی هه‌ره‌سى پێدێنێت و له ڕێكه‌وتى 19/2/1987 به‌نه‌خۆشی له ماڵه‌كه‌ى خۆي‌دا كۆچى دوایی ده‌كات، له زێد و نيشتمانه‌كه‌ى خۆی له مه‌زارى عه‌له‌مدار ته‌رمه‌كه‌ى به‌خاكى پيرۆزى كوردستان ده‌سپێردرێت، بۆ هه‌ميشه ڕۆحى پاكى له‌گه‌ڵ خانه‌قين و ئه‌ڵوه‌ندا ئاوێزان كرد، ڕۆحى شاد و ناو هونه‌ره به‌رزه‌كه بۆ هه‌ميشه له‌به‌ر دڵان‌دا ده‌بێت.
جه‌مالى ده‌لاك 3/2/2021 هه‌ولێر
سه‌رچاوه :
(1) سايتى شه‌فه‌ق نيوز 17/5/2020
(2) كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د، كتێبى مێژووى ڕاديۆى كوردی به‌غدا 1939_1958 بهركى يه‌كه‌م/ جزمى يه‌كه‌م لاپه‌ڕه (213)
(3) باكورى، كتێبى گۆرانيبێژه نه‌مره‌كان _ به‌شى سێيه‌م، لاپه‌ڕه (59) نامه‌ى حه‌ميد خداداد عه‌لى، بۆ مامۆستا باكورى.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.