دادگای به‌ری كه‌رخ له شاری به‌غدا ده‌ستگیركردنی گەورەترین تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند، کە له‌كاتی ده‌ستگیركردنیشیان دەست بەسەر 221 کیلۆ حەبی ماددەی هۆشبەردا گیراوه.
له‌مباره‌یه‌وه ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕیارێکی دادوەری لێكۆڵینه‌وه کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی به‌ری کەرخی شاری به‌غدا دەرکراوە، گەورەترین باندی بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە بەغدا، کە لە 10 بازرگان پێکهاتوون ده‌ستگیركران كه له نێویاندا كه‌سانی بیانیش هه‌ن.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو تۆڕە، دەستیان بەسەر 221 کیلۆ حەبی هۆشبەری جۆری کاپتاگۆندا گرتووە كه به زۆری له‌رێگه‌ی سنووره‌كانی سووریاوه ده‌هێندرێته نێو عێراق.
بەپێی ئامارە فه‌رمییه‌کان لە حەوت ساڵی ڕابردوودا ئاڵودەبوون به مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان لە عێراق بە ڕێژەی چل له سه‌دا زیادی کردووە كه ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی مه‌ترسیداره و به‌رده‌وامیشه له هه‌ڵكشان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.