شانەی ئەمنی راگەیاندنی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستگیركردنی 5 كەسی راگەیاند كە تۆمەتبارن بە هێرشەكەی چەند رۆژی رابردووی سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباڕ كە بەهۆیەوە چەند سەرباز و كارمەندێكی ئەمەریكی بریندار بوون.
شانەكە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: دوای هێرشەكەی شەوی سێشەممە 6ی ئەم مانگە بۆ سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباڕ كە چەند راوێژكارێكی هێزەكانی هاوپەیمانانی تێدایە، لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لیژنەیەكی بەدواداچوون پێكهێنرا.
بڵاویشی كردەوە: دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی گوتەی شاهیدەكان، توانرا 5 كەس دەستگیربكرێن كە دەستیان هەبووە لە هێرشەكە.
هەر شەوی ئەنجامدانی هێرشەكە، هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە نزیك بنكەی سەربازی عەین ئەسەد دەستیان بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەدا گرتبوو كە هێرشەكەی پێ ئەنجامدرابوو.
لەبارەی بریندارەكانیش، بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن) رایگەیاندبوو كە لە ئەنجامی هێرشەكەدا 5 سەربازی ئەمەریكی بریندار بوون، لەگەڵ دوو هاووڵاتی دیكەی ئەمەریكی كە لە بنكە سەربازییەكەدا كاریان دەكرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.