نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند كە وڵاتەكەی لە رێگەی ئۆپەڕاسیۆنێكی تایبەتەوە وەڵامی كوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەداتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە هێرشێكدا لە تارانی پایتەختی ئێران كوژرا، دوای ئەوەی دوێنێ سیشەممە بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران كردبوو.
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، كاتژمێری 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە رێگەی مووشەكێكەوە كە لە دەرەوەی ئێران ئاراستەی شوێنی مانەوەی كرابوو لە تاران، ئیسماعیل هەنییە كراوەتە ئامانج و كوژراوە.
نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوەیەكگرتووەكان پۆستێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوكردۆتەوە و تێیدا نووسیویەتی "ئێران لە رێگەی ئۆپەڕاسیۆنێكی تایبەتەوە وەڵامی بۆ كوژرانی ئیسماعیل هەنییە دەبێت".
هەروەها نووسیویەتی "بێگومان ئۆپەڕاسیۆنەكە ئەوەندە توند و بەهێز دەبێت بكەران لە ئەنجامدانی تاوانەكە پەشیمان دەكاتەوە".
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بزووتنەوەی حەماس هەواڵی كوژرانی ئیسماعیل هەنییەی لە شوێنی مانەوەی لە تاران بڵاوكردەوە، راستەوخۆ دەستی تۆمەتیشی بۆ ئیسڕائیل درێژ كرد.
لای خۆشییەوە تا ئێستا ئیسڕائیل هیچ راگەیەنراوی فەرمی و لێدوانێكی لەبارەی كوشتنی هەنییە بڵاو نەكردۆتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.