Erbil 20°C ھەینی 18 تشرینی یەکەم 07:50

عێراق.... 39 ئەندامی "گرووپی قوربانییەکان" دەستگیرکران

کوردستان TV
100%

لە چوار پارێزگای عێراق، 39 کەس کە خۆیان وەک ئەندامی "گرووپی قوربانییەکان" ناساندووە، لەلایەن ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستگیرکران.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەی داوە کە ھێزەکانیان لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای واست، چوار ئەندامی "گرووپێکی لەیاسادەرچوو"یان بەناوی " گرووپی قوربانییەکان"، دەستگیرکردووە.

باسی لەوەش کردووە کە چوار کەسەکە لە خێوەتێکی بچووکدا لە نزیک کاروانی خزمەتکردنی زیارەتکارانی عاشوورا دەستگیرکراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە چوار کەسەکە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، وێنەی کەسێکیان پێبووە کە پێشتر ئەندامی گرووپە لەیاسادەرچووەکە بووە و خۆی کۆشتووە.

ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە: "دوای لێکۆڵینەوەکان، دەستگیرکراوەکان دانیان بەوەدا ناوە کە ئەندامی "گرووپی قوربانییەکانن" و سەرقاڵی ئەوەبوون رێوڕەسمە توندئاژۆکانی خۆیان جێبەجێبکەن لە رێگای ئەنجامدانی تیروپشک بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسەی کە دەبێت خۆی بکوژێت".

ڕاشیگەیاندووە کە ھەر لەو چوارچێوەیەدا، ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە میانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا لە پارێزگاکانی بەسرە، موسەننا و دیوانیە، 35 ئەندامی دیکەی "گرووپی قوربانییەکانیان" دەستگیر کردووە.

گرووپی قوربانییەکان ساڵی 2022 لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق سەری ھەڵداوە و وەک خۆیان ڕایگەیاندووە كە لە ڕێگای خۆکوشتنەوە لەپێناو ئیمامی عەلیدا، خۆیان دەکەنە قوربانی.

ئەوەش لە کاتێدایە لە دەستووری عێراقدا، سەرھەڵدانی ئەو جۆرە گرووپانە لەو وڵاتە قەدەغەكراوە، هەروەها بەپێی ماددەی ژمارە 372 لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969 ھەموارکراوە، دامەزرێنەران و ئەندامانی ئەو گرووپانە، بە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی یان لەسێدارەدان سزا دەدرێن.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.