Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 02:49

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌... ( 1941 _ 8/5/2009 كه‌ركووك)

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى به‌كوله‌مه‌رگى ژيا ته‌نها له‌پێناو هونه‌ردا.......؟!
کوردستان TV
100%

جه‌مالی ده‌لاك...

ده‌نگێكى خۆڕسك و بێخه‌وه‌ش و  دره‌وشاوه‌ى هونه‌رى ميلـلى له‌بوارى مه‌قام و به‌سته‌دا، له‌ ده‌رگاى بير و هۆشم و هانم ده‌دا كه‌ پێنووس بگرمه‌ ده‌ست و يادێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ژار و نه‌دار و فره‌ به‌خششه‌ به‌گه‌نجينه‌ى هونه‌رى ئاواز و مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى بخه‌مه‌ سه‌ركاغه‌ز، هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م نازانم له‌به‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندى هونه‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێ بكه‌م.

كاتێك گه‌ره‌كمان بێت باس له‌ژيان و كاره‌ هونه‌رييه‌كانى  هونه‌رمه‌ند (سه‌لاح داوده‌) بكه‌ين، ناوێكى دره‌وشاوه ‌و مامۆستاى مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى (عه‌لى مه‌ردان) دێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ويش (خدر بارام چاوه‌ش) باپيرى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌يه‌.

گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندى نه‌ته‌وه‌كه‌مان مامۆستا عه‌لى مه‌ردان هيچ كات نه‌يشاردۆته‌وه‌ و هه‌ميشه‌ به‌ ڕاشكاوى و ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و ڕاستييه‌ى دركاندووه‌ و گوتوويه‌تى من قوتابى (خدر بارام چاوه‌ش )م، سه‌لاح داوده‌ى هونه‌رمه‌ند پێمان ده‌ڵێت: ئانێ مامۆستا عه‌لى مه‌ردان زانى من نه‌وه‌ى خدر بارامى چاوشم، پێمى گوت كاكه‌ من له‌ باباى تۆوه‌ فێر ئه‌م مه‌قامێله‌ بيم و ئێوه‌ گشتان گۆرانيوێژ و مه‌قاموێژن (*1). گڵكۆكه‌ت غه‌رقى ڕه‌حمه‌ت بێت مامۆستا عه‌لى مه‌ردان، بزانن به‌ چ زمانێ شيرينى گه‌رميانى ئه‌و ڕاستييه‌ى دركاندووه‌.

ڕه‌گ و ڕيشه‌ى هونه‌رى مه‌قامبێژى و گۆرانيبێژى خدر بارام چاوه‌ش ڕه‌گى له‌ناو خانه‌واده‌ و بنه‌ماڵه‌كه‌يدا داكوتاوه‌ و ڕيشاڵى ڕه‌گه‌كانى درێژ بۆته‌وه‌ و په‌ل و پۆى هاويشتووه‌ تا گه‌يشتۆته‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌، ئه‌ويش زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و په‌يامه‌ پيرۆزه‌ى تا دواساته‌كانى ژيانى پاراست و زۆر زه‌حمه‌ت و جه‌ورى كێشا تا گه‌ياندييه‌ گه‌نجينه‌ى هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌ى.

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ خاوه‌ن ده‌نگێكى ڕه‌سه‌ن و هه‌ڵقوڵاوى ناوچه‌يه‌كى فراوان و گرنگ و لانكه‌ى (ئه‌ڵلاوه‌يسى و قه‌تار و خاوكه‌ر و خورشيدى و ئاى ئاى) له‌ ڕێی ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌يه‌وه‌ پانتاييه‌كى فراوانى له ‌ته‌واوى كوردستان داگير كردووه‌، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خۆڕسك و نه‌خوێنده‌واره‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هه‌موو كات به‌و پۆشاكه‌ (كه‌واو سه‌ڵته‌) و سيماى بێ ناز و ده‌م و دووى شيرينى و ئاوازه‌ به‌سۆزه‌كانى ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ هونه‌رمه‌ندێكى بێ فيز و ساده‌ و خاكى، زاده‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كى بنده‌سته‌ و هه‌ميشه‌ له‌ژێر چه‌وسانه‌وه‌ى نه‌ته‌وايه‌تى و چينايه‌تيدا ناڵاندوويه‌تى.

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌  له‌ (ئه‌لبوسه‌باح)ـه‌وه‌ بۆ ناوه‌ندى عه‌لى مه‌ردان بۆ مه‌قام.....!

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (وريا ئه‌حمه‌د) له‌ ديدارێكيدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ناسرى ڕه‌زازى، ساڵى 1984 ده‌ڵێت: بۆم هه‌يه‌ بڵيم چۆله‌كه‌ى سه‌رگوێسوانه‌كه‌شيان  له‌ هى خه‌ڵكى دى ده‌نگ خۆشتر بوونه‌، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌يه‌ پڕاوپڕى ژيانى هونه‌رى بنه‌ماڵه‌ى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌يه‌.

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح محه‌مه‌د خدر بارام چاوه‌ش ناسراو به‌ (سه‌لاح داوده‌) له‌ خانه‌واده‌يه‌كى هه‌ژارى گه‌رميان و لێوان لێو له‌ هونه‌رى مه‌قامبێژى و ده‌نگخۆشی،  له‌ ناحيه‌ى (ئه‌لبوسه‌باح)ى سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى توزخورماتوو له‌ ساڵى 1941 به‌دنيا هاتووه‌، په‌روه‌ردگار منداڵێك ده‌به‌خشێت به‌خانه‌واده‌ى محه‌مه‌د خدر ئه‌و پياوه‌ى وه‌ك ميرات به‌هره‌ى ده‌نگخۆشی و لێزانى و شاره‌زای له‌ باوكيیه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رييه‌ پڕ چێژانه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونى سه‌لاح وه‌ك ئه‌مانه‌تێك ڕێنوێنى ده‌كات و فێرى ده‌كات و هه‌ميشه‌ هانى ده‌دات، تا ئه‌و ڕێگا پيرۆزه‌ى مه‌قامبێژى و به‌سته‌بێژى كوێر نه‌بێته‌وه‌ و، مۆركى ڕه‌سه‌نايه‌تيیه‌ ميلـلييه‌كه‌ ڕۆشن و به‌رده‌وام بێت.

به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ناو خانه‌واده‌كه‌يدا هونه‌رى مه‌قامبێژى و ده‌نگخۆشی به‌ميرات بۆيان ماوه‌ته‌وه‌ و باوكى واته‌ محه‌مه‌د خدر ده‌نگخۆش و گۆرانيبێژى گونده‌كه‌يان و ناوچه‌كه‌بووه‌، به‌رده‌وام له ‌كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و ديوه‌خانه‌كان و له‌ناو خزم‌ و دۆستانيدا، به‌ ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى گۆرانى و مه‌قامى چڕيوه‌، بۆ ئه‌و كۆڕانه‌ سه‌لاحى كوڕى كه‌ هێشتا منداڵبووه‌ و له ‌ته‌ك خۆيدا بردوويه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى ئاشناى بكات و به‌و كه‌ش و ژينگه‌ لێوڕيژه‌ له ‌به‌سته‌ و مه‌قام و شادى به‌خشه‌، به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند نه‌توانراوه‌ بخرێته‌ به‌رخوێندن و له‌خوێندن بێ به‌ش بووه‌، ئه‌و به‌شداريكردنه‌ى له‌گه‌ڵ باوكيدا ده‌بێته‌ فێرگه‌يه‌ك بۆ سه‌لاح و خه‌رمانه‌ى هه‌ست و سه‌ليقه‌ى هونه‌رى له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و ده‌بێته‌ سه‌ره‌تايه‌ك بۆ ده‌ركه‌وتنى به‌هره‌ى ده‌نگخۆشييه‌كه‌ى و له‌نێو كۆڕ و كۆمه‌ڵ و خزم و كه‌سوكاردا گۆرانى ده‌خوێنێ.

له‌ ته‌مه‌نى 18 ساڵيدا له‌ ئه‌لبوسه‌باحه‌وه‌ ماڵ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ شاره‌ دێرينه‌كه‌ى كوردان، شارى كه‌ركووك و له‌ گه‌ڕه‌كى باداوا نيشته‌جێ ده‌بن، له‌م ژيانه‌ نوێيه‌ى شار بۆ ئه‌و نامۆ ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆى به‌هره‌ى ده‌نگخۆشييه‌كه‌يه‌وه‌ و چڕينى به‌سته ‌و مه‌قام، هه‌ر زۆر زوو تێكه‌ڵاو به‌ خه‌ڵك ده‌بێت و ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نداندا په‌يدا ده‌كات، لێره‌وه‌ ده‌ستخۆشی و به‌رده‌وامی و هاندانى ده‌ست پێ ده‌كات كه‌ بچێته‌ ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا گۆرانى و مه‌قام تۆمار بكات.

هونه‌رمه‌ند (ئه‌حمه‌د داوده‌ 1926_1979) كه‌ يه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌  باڵه‌بانژه‌نه‌كانى گه‌رميان و كوردستان، ئامۆزاى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌يه‌ كه‌ له‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ به‌ته‌مه‌نتر بووه‌، به‌هۆى به‌ناوبانگی و تواناى باڵه‌بانژه‌نييه‌كيه‌وه‌ له ‌ڕێگه‌ى سه‌رۆك هۆزه‌كه‌يان (دارابه‌گ) چه‌ند جارێك چۆته‌ به‌غدا و ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لى مه‌ردان په‌يداكردووه‌، ده‌كرێت ئه‌وه‌ش بڵيم كه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ كاريگه‌ری زۆرى له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتن و پێگه‌ياندنى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ هه‌بووه‌ جگه‌ له‌ ماڵباته‌ هونه‌رييه‌كه‌ى خۆى.

ئه‌حمه‌د داوده‌ى باڵه‌بانژه‌ن زۆر هانی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ده‌دات كه‌ له‌گه‌ڵيدا بچێته‌ به‌غدا بۆ ئيزگه‌ى كوردى، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند به‌ڕێ ده‌كه‌ون بۆ شارى به‌غدا، به‌ر له‌وه‌ى بچنه‌ ئێزگه‌، ماوه‌ى 3 مانگ له ‌به‌غدا ده‌مێننه‌وه‌ له‌لاى دۆست و ناسياوه‌كانيان ده‌مێننه‌وه‌، هه‌موو شه‌وێك كۆڕ و به‌زمى مه‌قام و به‌سته‌ تا دره‌نگانێكى شه‌و سه‌لاح داوده‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی و ئه‌حمه‌د داوده‌ به‌باڵه‌نه‌كه‌ى، ئه‌و كۆڕانه‌يان جوانتر و ڕازاندۆته‌وه ‌و شادييان به‌ڕۆحى ئاماده‌بووان به‌خشيوه‌، دواى ئه‌و سێ مانگ مانه‌وه‌يان پاشان چوونه‌ته‌‌ ئيزگه‌ى كوردى به‌غدا.

هه‌ركه‌ ده‌چنه‌ ئيزگه‌‌ مامۆستا عه‌لى مه‌ردان پێشوازييان لێ ده‌كات، چونكه‌ پێشتر له‌ له‌يلانه‌وه‌ هاتوچۆ و ناسياوييان هه‌بووه‌، و په‌يوه‌ندى مامۆستا عه‌لى مه‌ردان و محه‌مه‌د خدرى باوكى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ له‌و كاته‌وه‌ بووه‌ و نێوانيان خۆشبووه‌، له ‌ساڵى 1949 مامۆستا عه‌لى مه‌ردان داوا و ڕێنوێنى باوكى سه‌لاح داوده‌ى كردووه‌ كه‌ بچێته‌ ئێزگه‌ و ده‌نگى تۆمار بكات، چونكه‌ زانيويه‌تى كه‌ خاوه‌نى ده‌نگێكى خۆش و مه‌قامزانێكى به‌توانايه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌چووه‌ و ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ وه‌ك زۆر له‌ ده‌نگخۆشه‌كانى ترى كوردستان ده‌نگيان تۆمارنه‌كران و له ‌سۆز و چێژى هونه‌ره‌كه‌يان بێبه‌ش‌ بووين.

مامۆستاو هونه‌رمه‌ند باكورى وه‌ك شايه‌تحاڵيك بۆ يه‌كه‌م ديدارى له‌گه‌ڵ  هونه‌رمه‌ندان له‌ ئێزگه‌ى كوردى ئه‌و ڕۆژه‌مان به‌مشێوه‌يه‌ بۆ ده‌گێڕيته‌وه‌: پايزى ساڵى 1957 بوو چوومه‌ ئێزگه‌ بۆ ئاهه‌نگى هه‌فتانه‌ى خۆم، هێشتا كاتم مابوو بۆ تۆماركردن له‌ هۆڵه‌كه‌ دانيشتم مامۆستا عه‌لى مه‌ردانيش له‌وێ بوو، دواى كه‌مێك كابرايه‌كى به‌ته‌مه‌ن، چاكه‌ت له‌سه‌ر كه‌وايه‌كى درێژ و قايشێكى له‌ناو قه‌دى به‌ستبوو و جه‌مه‌دانييه‌كى له‌سه‌ر به‌ستبوو به‌شێوه‌ى ده‌ستوورى كورده‌كانى كه‌ركووك.

له‌دواى ئه‌و 3 سێ مناڵ به‌ هه‌مانشێوه‌ جلوبه‌رگيان له‌به‌ر بوو هاتنه‌ ژووره‌وه‌ و سڵاويان كرد، مامۆستا عه‌لى مه‌ردان دياربوو پێشتر ده‌يناسين، گوتى: ئه‌مه‌ كاك ئه‌حمه‌د داوده‌يه‌ نه‌ى ژه‌نێكى بليمه‌ته‌، ئه‌وانيش مناڵى خۆی و ئامۆزاكان له‌ گه‌رميانه‌وه‌ و له كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌عوه‌تمان كردوون و گۆرانى و مه‌قامى خۆش ده‌ڵێن، كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نى 16 يان 17 ساڵ ده‌بوو (مه‌به‌ستى سه‌لاح داوده‌يه‌)، ئه‌وه‌كه‌ى تر چه‌ند ساڵێك بچووكتر بوو و سێييه‌ميان زۆر مناڵ بوو، دواتر زانيم ئه‌و تيپه‌ ڕه‌سه‌نه‌ ئه‌وانه‌ بوون:-

1/ به‌ته‌مه‌نه‌كه‌ (ئه‌حمه‌د نه‌ى ژه‌ن يان به‌باڵه‌بان ژه‌ن) بوو.

2/ گه‌نجه‌كه‌ مه‌قام و به‌سته‌ى ده‌گوت ناوى (سه‌لاح) بوو.

3/ فايه‌ق سێيه‌مه‌كه‌ بوو.

4/ مناڵه‌كه‌ش (نه‌وزاد) كوڕى كاك ئه‌حمه‌د بوو، گشتييان له‌ عه‌شره‌تى (داوده‌)ى گه‌رميان بوون. (*3)  

له‌و سه‌ردانه‌يدا هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌، سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى گۆرانى و مه‌قام و خاوه‌نى ئه‌و ده‌نگه‌ زوڵاڵ و پڕ چێژه‌ بۆ ئێزگه‌ 9 مه‌قام و به‌سته‌ تۆمار ده‌كات و ده‌بێته‌ جێى خۆشحاڵى و په‌سه‌ندكردنى و له ‌ئێزگه‌ى  كوردى به‌غداوه‌ ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌ى سه‌لاح داوده‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌و ده‌نگه‌ پر چێژه‌ خۆشه‌ گه‌رميانييه‌ سنووره‌كان ده‌به‌زێنێ و به‌ كوردستاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌. بۆ هه‌ر به‌سته ‌و مه‌قامێك 2 دوو دينار، واته‌ 18 هه‌ژده‌ دينارييان وه‌ك پاداشت داوه‌تێ.

باوكى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ جيا له‌ به‌هره‌ى ده‌نگخۆشييه‌كه‌ى شاره‌زای له‌ ژه‌نينى (زوڕنا و نه‌ی و ساز)دا هه‌بووه‌ و هه‌وڵيشى داوه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ى فێرى ژه‌نينى ئه‌و ئامێرانه‌ بێت.

باوك و كوڕى ده‌نگخۆش له‌ چه‌ند ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ندێكدا پێكه‌وه‌ گۆرانييان خوێندووه‌، ئه‌و گۆرانياينه‌ى ئه‌و كاته‌ كه‌ زۆر له‌سه‌ر زار و باو بوون و بريتى بوون له‌ (كراس زه‌ردێ، پرسيم له‌ چيمه‌ن، كزه‌ى جه‌رگانم و گه‌ردوون من چي بكه‌م،،،، تاد)، به‌ڵام هه‌موو كات (باوكى پێى گوتووه‌ كوڕم شه‌رم مه‌كه‌  گۆرانى و مه‌قام گوتن پشتاوپشت بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ ئيش و كارمانه‌) (*2).

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ماوه‌ى 29 ساڵ له ‌ژيانى خۆى ته‌رخانكردووه‌ بۆ ئێزگه‌ى كوردى به‌غدا و چه‌ندين به‌سته ‌و مه‌قامى تۆماركردووه‌ واته‌ له‌ ساڵى 1957 وه‌ تا دواچوونى بۆ ئێزگه‌ له‌‌ ساڵى 1986 نزيكه‌ى 60 گۆرانى و مه‌قامى تۆمار كردووه‌،  زياتر له‌ 20 گۆرانى و مه‌قاميشى بۆ ته‌له‌فزيۆن له‌به‌غدا و كه‌ركووك تۆماركردووه‌، يه‌كه‌م گۆرانى كه ‌بۆ ته‌له‌فزيۆن تۆمارى كردووه‌، گۆرانى (كوێستانان خاڵ خاڵ) له‌ب ه‌غدا له ‌ساڵى 1978 بووه‌،  هونه‌رمه‌ند به‌تۆماركردنى  مه‌قامى (ئه‌ڵڵاوه‌يسى) و به‌سته‌ى (ئامينێ نازه‌نينێ) كۆتایی به‌ سه‌ردانه‌كانى بۆ ئێزگه‌ى كوردى به‌غدا ده‌هێنێ‌، ئه‌و ماوه‌يه‌ كه‌ هاتوچۆى ئێزگه‌ى كوردى به‌غداى كردووه‌، ئاشنايه‌تى و په‌يوه‌ندى زۆر و فراوانى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌كانى ئه‌و كاته‌دا په‌يدا كردووه‌ وه‌ك (عه‌لى مه‌ردان، حسێن عه‌لى، ڕه‌سوول گه‌ردى، شه‌ماڵ سائيب، تايه‌ر تۆفيق و خوداداد عه‌لى و ....تاد).

هونه‌رمه‌ند جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ده‌نگخۆش و به‌سته‌ بێژ بووه‌، مه‌قامزان و مه‌قامناس و مه‌قامبێژێكى به‌تواناى گه‌رميان و هه‌موو كوردستانه‌، هه‌روه‌ها شاره‌زای هه‌بووه‌ له‌ ژه‌نينى ئامێرى (زوڕنا و نەی و ده‌هۆڵ) و به‌شدارى له ‌چه‌ندين ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ند و بۆنه‌كاندا كردووه‌ بۆ مه‌به‌ستى دابينكردنى بژێوى ژيانى  خۆی و خانه‌واده‌كه‌ى.

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌لف و بێى كوردى له ‌قوتابخانه‌ نه‌خوێندووه‌، به‌ڵام له‌ كاره‌كه‌يدا كه‌ هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌بێژى بووه‌ كه‌سێكى به‌ئاگا و شاره‌زابووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ فراوانه‌ى تێيدا ژياوه‌ و گه‌وره‌ بووه‌ (گه‌رميان) چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌بوارى هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌دا، ئاواييه‌ك بۆ ئاواييه‌كى ديكه‌ى گه‌رميان له ‌ڕووى گۆرانى و مه‌قامه‌وه‌ جياوازييان هه‌يه‌ له‌ شێوه‌ى چڕيندا.

له ‌ديمانه‌يه‌كدا هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ پێمان ده‌ڵێت: بۆ نموونه‌ ئه‌ڵڵاوه‌يسى جه‌بارييه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵڵاوه‌يسى داودييه‌كان جيايه‌، تايبه‌تمه‌ندى گۆرانى كه‌ركووك و گه‌رميان و مه‌قامه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانى كوردى زۆرينه‌ى له ‌گه‌رميانه،‌ جۆرى گۆرانى گوتنيشيان له‌گه‌ڵ جێگاكانى تر جيان، زۆرينه‌ى مه‌قامه‌ كوردييه‌كان هى ناوچه‌ى گه‌رميانن وه‌ك ئه‌ڵڵاوه‌يسى، يار غه‌زاڵ، خورشيدى و خاوكه‌ر، هه‌موويان مه‌قامى ڕه‌سه‌نى كوردين له ‌شوێنێ بۆ شوێنێكى تر جياوازه‌، شوێنێك ئاى ئاى زۆرباش ده‌ڵێ، شوێنێكى تر قه‌تار باش ده‌ڵێ) (*4).

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ مه‌قام و به‌سته‌ خوێندنى كردۆته‌ پيشه‌ و له‌و ڕێگه‌يه‌وه‌ بژێوى ژيانى دابين كردووه‌، به‌ڵام چ بژێويه‌ك به‌ ژيانێكى كوله‌مه‌رگى، جێى داخه‌ تائێستا هونه‌ر نه‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌ى دابينكردنى ژيانى هونه‌رمه‌ند، به‌ڵام ئه‌م دڵسۆز بووه‌ بۆ هونه‌ره‌كه‌ى و فه‌رامۆشی نه‌كردووه‌، دواى نه‌چوونه‌وه‌ى بۆ ئێزگه‌ى كوردى به‌غدا، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵى ئاهه‌نگ و به‌زمى شه‌وانه‌ى كۆڕى ياران و زه‌ماوه‌ند بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داوده‌ و فايه‌ق داوده‌، ئه‌و ئامێرانه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌نگى خۆشى سه‌لاح داوده‌دا كارى هونه‌رييان ئه‌نجامداوه‌ باڵه‌بان و زه‌ڕبێك بووه‌، به‌ڵام چ هونه‌رێكيان خوڵقاندووه‌، كه‌ هه‌ر كات گوێبيستى كاره‌ هونه‌رييه‌كانى سه‌لاح داوده‌ ده‌بيت، له‌ ده‌نگ و ژه‌نين و ڕيتم و ميلۆدى گۆرانييه‌كان سه‌رت سوڕ ده‌مێنێ و چێژت پێ ده‌به‌خشێت، هونه‌رێكى هه‌ژار و له‌ناوه‌رۆكدا ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌ لوتكه‌ى ئاواز و گۆرانيدا.

له‌و گه‌شته‌ هونه‌رييه‌ كه‌ ماوه‌ى نيو سه‌ده‌ له‌نێو چرينى مه‌قام و به‌سته‌ و ژه‌نينى ئامێره‌كانى (ده‌هۆڵ و زوڕنا) هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ جيا له‌و به‌رهه‌مانه‌ى له ‌ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن تۆمارى كردوون، به‌ده‌يان ئاهه‌نگى له‌ ماڵان له ‌كه‌ركووك و شاره‌كانى كوردستان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان تۆمار كردووه‌ وه‌ك (ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ، هابه‌ و مشكۆ، شكور خه‌يات و سابير كوردستانى) و له ‌تۆمارگاكاندا وه‌ك دۆكۆمێنت ماون، ده‌توانم ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ له‌كاتى ژيانيدا و دواى كۆچكردنى له‌وانه‌يه‌ چه‌ند به‌رهه‌مێك له‌و هه‌موو ئاهه‌نگانه‌ى تۆماری كردوون، وه‌ك ئه‌رشيف له‌لاى خۆی و خانه‌واده‌كه‌ى  بووبێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ گرفت و خه‌مێكى به‌هه‌ند وه‌رنه‌گيراوى ئه‌رشيفى هونه‌رمه‌ندانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌لايه‌ن ده‌زگايه‌كى تايبه‌تمه‌نده‌وه‌، هونه‌رمه‌ند وشيار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ده‌ڵێت: سه‌لاح داوده‌ خۆى ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ زياتر له‌ 60 گۆرانى و مه‌قامى بۆ ئێزگه‌ى كوردى و زياتر له‌ 20 گۆرانى و مه‌قاميشى بۆ ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركووك تۆمار كردووه‌،هه‌روه‌ها نزيكه‌ى 300 كاسێتى له‌ ئاهه‌نگه‌ تايبه‌تييه‌كاندا تۆمار كردووه‌، به‌ڵام به ‌بۆچوونى من به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوه‌كانى نێو كاسێته‌كان ته‌نيا گۆرانييه‌ توركمانييه‌كانى لێ بترازێ، ئه‌وانى تر دووباره‌ كردنه‌وه‌ى مه‌قام و گۆرانييه‌كانى پێشترن كه‌ پێده‌چێ له ‌سه‌رووى 100 به‌رهه‌مه‌وه‌ بن) (*5).

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ده‌ريايه‌كه‌ له‌ هونه‌ر، له ‌مه‌قام و به‌سته‌دا ده‌هێنێ و پێويسته‌ توێژينه‌وه‌ له‌لايه‌ن مامۆستايان و شاره‌زايانى بوارى موزيك و مه‌قام و گۆرانى، بۆ ده‌نگ و ئه‌دا و كاره‌ هونه‌رييه‌كانى له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانى ژيانى هونه‌ری هونه‌رمه‌ند بكرێت.

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ به‌ هه‌ر چه‌رمه‌سه‌ری و نه‌دارييه‌ك كه‌ تێدا ژيا، توانيويه‌تى ده‌يان ئاواز له‌ گۆرانى و مه‌قامى ڕه‌سه‌نى گه‌رميان بچرێ و له‌ فه‌وتان ڕزگاريان بكات، نموونه‌ى گۆرانييه‌ خۆشه‌كانى هونه‌رمه‌ند كه‌ له‌ ياده‌وره‌ى زۆربه‌ماندا به‌پيرۆزى  ماوه‌ته‌وه‌ (ڕاوه‌ستاوه‌ له‌و بانه‌، حه‌بيه‌ خان، ئامۆزا گيان، ياروه‌ره‌وه‌، ڕێزه‌ به‌ڕيزه‌ گيانه‌، خانزاده‌خان، شه‌ده‌لار، خرينگه‌، ڕه‌يحانه‌ و له‌و كه‌له‌ ده‌نگى ساز دێ).

هونه‌رمه‌ند ته‌نها و ته‌نها بۆ مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى ژيا و شكۆى هونه‌ره‌كه‌ى ڕاده‌ستى ڕژێمى به‌عس نه‌كرد و  به ‌ده‌ست هه‌ژارى و ده‌ستكورتى و كرێنشينيیه‌وه‌ زۆر ئازارى چه‌شتووه‌‌، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند وره‌ به‌رز و هيچ كات نه‌ی ويستووه‌ ملكه‌چى پاروه‌ نانێك بێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ژيانه‌ هه‌ژارييه‌ ده‌يگوزه‌راند، هه‌ر كۆڵى نه‌داوه‌ تا دواساته‌كانى ژيانى خزمه‌تى به‌ مه‌قام و گۆرانى و هونه‌ر و كه‌لتوورى كوردى كرد، سه‌لاح داوده‌ كه‌سايه‌تیيه‌كى كه‌مدوو و هێمن و ده‌ستپاك و نه‌فس به‌رزبووه‌.

له‌دواى ڕاپه‌ڕينيشه‌وه‌، له‌لايه‌ن كه‌ناڵه‌ ئاسمانييه‌كانه‌وه‌ تا له‌ژياندا بوو چه‌ندين به‌رنامه‌ى ديدارى هونه‌رييان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌نجامداوه‌، كه‌ جێى ستايش و به‌رزنرخاندنن.

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ خێزانداره‌ و له‌دواى خۆى كوڕه‌كانى به‌تايبه‌ت (عه‌باس و دلشاد) ڕێگا پيرۆزه‌كه‌ى باوكيان گرتۆته‌به‌ر و شاره‌زای و تواناى مه‌قام و به‌سته‌بێژى له ‌قوتابخانه‌ نه‌مره‌كه‌ى باوكيانه‌وه‌ فێربوون.

له ‌يه‌كه‌مين ساڵيادى دامه‌زراندنى ناوه‌ندى عه‌لى مه‌ردان بۆ مه‌قام له‌ شارى كه‌ركووك، له ‌هۆڵى نه‌ورۆز به‌و بۆنه‌يه‌وه‌ ئاهه‌نگێك ساز ده‌كرێت و هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى ‌گه‌وره ‌و شاره‌زا له‌و بواره‌دا بانگهێشتى ئه‌و ساڵياده‌ ده‌كرێت و به‌مه‌قامى (قه‌تار و خاوكه‌ر) و به‌سته‌ى (ڕاوه‌ستاوه‌ له‌و بانه‌) به‌شدارى ده‌كات، دواى ته‌واو بوون و هاتنه‌ خواره‌وه‌ى له‌سه‌ر شانۆ، به‌داخه‌وه‌ ته‌ندروستى تێكده‌چێت و ده‌يگه‌ننه‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئازادى له‌ شارى كه‌ركووك، له‌ كاتژمێر 8ى شه‌وى هه‌مان ڕۆژ به‌هۆى جه‌ڵته‌ى دڵه‌وه‌ كۆچى دوایی ده‌كات.

به‌و كۆچه‌ كتوپڕه‌ى خه‌مێكى گه‌وره‌ى له‌نێو دڵ و ده‌روونى هه‌واداران و هونه‌رمه‌ندان و ئازيزان و خانه‌واده ‌و بنه‌ماڵه‌كه‌يدا دروست كرد، هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ته‌نها له ‌خانه‌واده‌كه‌ى نه‌ڕۆيشت، به‌ڵكو له‌ هونه‌رى كوردى و هه‌موو ميلـله‌تى كورد ڕۆيشت، نيشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ى سه‌ربه‌رز و به‌خته‌وره‌ به‌هونه‌ر و كه‌سايه‌تیيه‌كه‌ى، ئۆغرى خێر و دروود و سڵاو بۆ گيانى پاكى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده ‌و هونه‌رمه‌ندى باڵه‌بانژه‌ن ئه‌حمه‌د داوده‌ و ته‌واوى هونه‌رمه‌نده‌ كۆچكردووه‌كانى گه‌له‌كه‌مان، گڵكۆكانيان هه‌ميشه‌ چراخان و لێوڕيژ بێت له‌ مه‌قامه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانى گه‌رميان.

جه‌مالى ده‌لاك  17/3/2021 هه‌ولێر  

سه‌رچاوه‌: (*1و5) ئاهێك بۆ مه‌رگى هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ _ وشيار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د _ گۆڤارى چلاواز ژماره‌ (39) ئايارى 2009، لاپه‌ڕه‌ (21).

(*2 و 4) ديمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌، جيهانبه‌خش محه‌مه‌د كۆیی، گۆڤارى ڕامان ژماره‌ (64) 5/10/2001، لاپه‌ڕه‌ (101).

(*3) ناميلكه‌ى ڕازێك بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ _ باكورى _ لاپه‌ڕه‌ (10).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.