دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە لە هاوینەهەواری بێخاڵ منداڵێكی تەمەن دوو ساڵان لە باوەشی باوكیدا دەكەوێتە ناو ئاوەوە و دەخنكێ، تا ئێستاش تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.
بەرگری شارستانی سۆران بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ یەكشەممە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ ئاگادارکراینەوە بوونی حاڵەتێکی خنکان لە هاوینە هەواری بێخاڵ لە شارۆچكەی رواندز.
بڵاویشی كردەوە: دەسبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوت منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان بەناوی (دارین گەیلان محەمەد) لە باوەشی باوکی کەوتۆتە نێو ئاو و خنکاوە.
هەروەها بڵاوی كردەوە: خانەوادەی منداڵەكە دانیشتووی گەڕەكی 94ی باداوەی شاری هەولێرن و بە مەبەستی گەشت و سەیران ڕوویان لە ناوچەکە کردووە.
بەرگریی شارستانی سۆران ئاماژەی بەوەش دا كە زیاتر لە شەش تیمیان گەڕانی وردیان کردووە، بەڵام بەهۆی بچووکی منداڵەکە و سەختی شوێنەکە تا ئێستا نەتوانراوە تەرمەکەی بدۆزرنەوە.
جەختیشی كردەوە كە سبەی دووشەممە تیمەکانیان بەردەوام دەبن لە گەڕان و بە ئومێدی دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە و بەخشینی تۆزێ ئارامی بە دڵی کەسوکارەکەیان.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەمساڵ تا ئێستا حەوت قوربانی خنکان لە ئاودا هەبووە، بەردەوامیش داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران كراوە پابەندی ڕێنمایەکان بن و خۆیان بە دوور بگرن لە مەلەوانیکردن لە شوێنە قەدەغەکراوەکان وهەروەها ئاگاداری منداڵەکانیان بن لە کاتی گەشت و سەیراندا لە قەراخ ئاوەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.