ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024 لەشاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی سەید عەممار حەکیم کۆبوویەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە سەید عەممار حەکیم لە وتەیەکدا بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆک بارزانی کرد و ئەو سەردانەی بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد، هەروەها ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانی کورد و شیعە دا وەک خاڵێکی هاوبەش بۆ ڕزگاربوون لە ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بۆ سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتۆتە ئارا کە دەکرێ دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرۆک بارزانی هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و جەختی لەوە کردەوە کە دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان بابەتی نەوت و میزانییە و ئیستحقاقات و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە وردی بیروڕای لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا.
هەروەها تەئکیدیش لەسەر پاڵپشتیکردنی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی کرایەوە کە دەرئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان و بە پشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان پێکهێنراوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر دانانی میکانیزمێکی هاوبەشی نێوان هەردوولا درا بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە ڕابردوودا هەبوونە و هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە لە داهاتوودا دێنە ئاراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.