Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 13:31

وەزیری پێشمەرگە: کێشەی ئەو هێزانە چارەسەر دەكرێن کە بێبەشبوون لە هاوکاری داراییی هاوپەیمانان

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەكەدا شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە بە گرینگییەوە باسی لە هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و داڕشتنەوەی کارنامەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و رایگەیاند: چاکسازیی پرۆسەیەکی جدییە و قۆناخی گرینگی ئەو پرۆسەیە جێبەجێکراوە و پرۆسەکە بەردەوامە بە هاوکاری و پشتیوانی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چآکسازی و بنیادنانی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە بە گرینگییەوە باسی لە کێشەکانی چەند لیوا و فەوجێکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد، کە بێبەشبوون لەو هاوکارییە داراییەی هاوپەیمانان بە هۆکاری چەند کێشەیەکی ئەمنی و تەکنیکی و رایگەیاند: دەبێت بە زووترین کات کێشەکان چارەسەر بکرێن و گۆڕانکاری بکرێت بە هاوکاری و هەماهەنگی هەموولایەک تاکو پێشمەرگە قارەمانەکان بە گشتیی سوودمەندبن لەو هاوکارییە داراییەی مانگانە دەبەخشرێت بە پێشمەرگە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کۆڵۆنێڵ مەکێنزی بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان دەربارەی پرۆسەی چاکسازی و داڕشتنەوەی کارنامەی وەزارەت گوتی: ئێمە هاوکار و پشتیوان دەبین لەم پرۆسە گرینگ و پڕبایەخەدا، هیوادارین پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی پێشکەوتووی سەردەمیانە لەپێناو پاراستنی سنوور و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەردەوامی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان دووپاتکرایەوە، هەوڵ و هەنگاوەکان و کاری پێكەوەیی لە ئایندەدا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.