حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە راگەیەنراوێكی لەبارەی نووسراوێكی سەرۆكی دادگای فیدڕالی بڵاو كردەوە كە سەبارەت بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەری كردبوو.
دادگای باڵای فیدڕالی لە نووسراوەكەدا ئاماژەی بەوەدابوو كە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەك مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق، ئازادن لە بەبانكیكردنی مووچەكانیان لە بانكی حكوومی یان تایبەت.
حكوومەتی هەرێم راگەیەنراوەكەدا رایگەیاند كە ئەمە هەنگاوێکی باش و دادپەروەرانەیە و مووچەخۆران ئازاد و سەرپشک دەکات لە هەڵبژاردنی بانکەکانیان، لەم چوارچێوەیەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لە پرۆژەی (هەژماری من).
دەقی راگەیەنراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:-
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نووسراوی سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەکات کە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکی حکوومی یان تایبەت لە چوارچێوەی ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆسەکەدا.
ئەم نووسراوەی دادگای فیدراڵی، هەنگاوێکی باش و دادپەروەرانەیە و مووچەخۆران ئازاد و سەرپشک دەکات لە هەڵبژاردنی بانکەکانیان، لەم چوارچێوەیەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن بە پێی ڕێنماییەکانی بانکیی ناوەنديی عێراق و پێویستە بانکەکانی بەشدار لە پرۆژەی (هەژماری من) هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێنماییانەدا درێژە بە پرۆسەکە بدەن و تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیە تۆمار بکرێن .
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2024/7/2
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.