Erbil 15°C پێنجشەممە 04 تەمووز 19:15

کاسبکارانی بازاڕی قەیسەریی هه‌ولێر داوای سزای توندی تاوانباران دەکەن

کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ده‌ستگیركردنی گرووپێکییان ڕاگەیاند کە تاوانبارن بە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکوک، کاسبکارانی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر داوای توندترین شێوەی سزادان بۆ تاوانباران دەکەن.

دوای ئه‌وه‌ی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەمید میقداد میری و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێمن میرانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە بەغدا گرووپێکی سێ کەسیان ڕاگەیاند کە لەماوەی ڕابردوودا كاره‌كانی سووتاندنی بازاڕەکانی شاری هەولێر، دهۆک و کەرکووکیان ئه‌نجامدابوو و ئاشکرایان کرد کە گرووپەکە سەر بە پەکەکەن.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌،  کاسبکارانی بازاڕی قەیسەریی هه‌ولێر داوا دەکەن کە تاوانباران بە توندترین شێوە سزا بدرێن و نایانەوێت سزاکەیان ئەوە بێت کە لە گرتووخانەکان سزاکەیان بەسەربەرن، بەڵکو داوای سزای لە سێدارەدان دەکەن.

کاسبکار عومەر محەمەد کە دوکانەکەی سووتێنراوە، داوا دەکات کە ئەوانەی ئاگریان بەرداوەتە قووت و ژیانی خەڵک، سزایەکی توندیان بەسەردا بسەپێنن.

کاسبکار عومەر محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکە، هەموو کەس دەیزانی کە دەستێک لە پشت سووتانەکە هەیە، چونکە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا قەت ئاگرکەوتنەوەی وا نەبووە، پەنا بەخوا ئێستا بە هەوڵی هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەستەکان دەبڕدرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەتوانن تاوانی وا ئەنجام بدەن".

لەبارەی داواکاری کاسبکاران بۆ سزای تاوانبارەکان، عومەر محەمەد گوتی: "داوا دەکەین ئەو تاوانبارانە سزایەکی توند بدرێن و ته‌نیا به‌ند كردن نه‌بێت.

کاسبکارێكی دیكه‌ به‌ناوی دەهام عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە سەرەتادا زانیمان کە ئەو ئاگرکەوتنەوە شۆڕتی کارەبا نییە و دەستکردە، ئاگرەکە ئاسایی نەبوو، ئێستاش ئێمە دڵخۆش بووین کە دەسته‌كه‌ ئاشکرا کرا".

دەهام عەلی گوتیشی: "داوا دەکەین بە توندترین شێوە تاوانباران سزا بدرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەم کردەوانە دووبارە نەبنه‌وە.

لەبارەی دەستگیرکردن و ئاشکرا کردنی تاوانباران کە گرووپێکی سه‌ر به‌ پەکەکەن، محەمەد عزەدین گوتی: "داواکارییەکەمان ئەوەیە، هەموو ئەو کاسبکارانەی زەرەرمەند بوونە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکان، هەموومان لە شوێنێک کۆبکرێینەوە و ئەو تاوانبارانە بەبەرچاوی ئێمەوە لە سێدارە بدرێن".

ئەمە لە کاتێکدایە کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئاگر لە ژمارەیەک بازاڕ و كۆگا له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌وته‌وه‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.