Erbil 18°C شەممە 21 ئەیلوول 06:05

هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی ئاواز و گۆرانی (حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_ 26/6/1972)

یادی ئەو هونەرمەندەی هەمیشە دەنگ و هونەرەکەی نوی دەبێتەوە...!
کوردستان TV
100%

جه‌مالى ده‌لاك...

ئه‌گه‌ر هه‌موو سه‌ربوورده‌ى ژیانى تایبه‌تى و هونه‌رى هونه‌رمه‌ندى نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك بخه‌ینه‌ به‌رچاو لێوڕیژه‌ له‌ چه‌رمه‌سه‌ری و به‌دبه‌ختى و نه‌هامه‌تی و ئازار و نائارامى، له‌هه‌مانكاتیشدا لێوانلێو بووه‌ له‌ ئه‌وین و خۆشه‌ویستى و به‌خششی بێپایان بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و نه‌ته‌وه‌كه‌ى، ناتوانرێت ئه‌وه‌نده‌ به‌سانایى لێى بدوێین..! هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى ژیانى ئه‌م بلیمه‌ته‌ نه‌مره‌ نه‌بوونه‌ته‌ له‌مپه‌ر و بووبێته‌ هۆكار بۆ چۆكپێدادانى و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هونه‌ره‌كه‌ى هه‌رگیز نه‌خێر، به‌ڵكو شێلگیرانه‌تر تێكۆشاوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر نه‌بوونى ژینگه‌یه‌كى ئارام زیره‌كی بلیمه‌ت نه‌یتوانیوه‌ له‌ شوێنێك بۆ هه‌میشه‌ بمێنێته‌وه‌ درێژه‌ به‌ژیانى ساده‌ و ئاسایى خۆى بدات..؟! به‌ڵكو گه‌ڕیده‌ی شار و شارۆچكه ‌و گونده‌كانى باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و شاره‌كانى ئێران و عێراق بووه‌. ئه‌و ژیانه‌ نائارام و پڕچه‌رمه‌سه‌رییه‌ وێنه‌ نوێنی ژیانى زۆرێك له‌ شاعیران و نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی میلله‌ته‌كه‌ى بووه‌، به‌ڵكو عه‌شق و خولیاى هونه‌رى گۆرانیبێژى له‌هه‌ست و نه‌ست و جه‌سته‌یدا نه‌یهێشتووه‌ په‌نگ بخواته‌وه‌ و له‌ناخى خۆیدا بیهێڵێته‌وه به‌ڵكو گۆرانییه‌كانی به‌جوانترین و ساناترین شێوه‌ و به‌میلۆدییه‌كی خۆش و هه‌ستبزوێن‌ خوێندوویه‌تی و گه‌یاندویه‌تی به‌ هه‌واداره‌كانی، هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ی زیره‌كی نه‌مر هونه‌رێكى به‌رده‌وام و هه‌رده‌م داهێنانى نوێی تێدا به‌رجه‌سته‌بووه‌.

هونه‌رمه‌ندحه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌بێژێ‌:

(من هه‌رتۆزێ‌ دڵگیر بم ده‌رگاى هونه‌رم بۆ ده‌كرێته‌وه‌، شیعرى ڕێك و پێكم بۆ دێت و ئاوازى خۆش و تازه‌م دێته‌ سه‌رزار و ده‌رى ده‌بڕم و به‌م گۆرانى گوتنه‌ بارى خه‌م له‌سه‌ر خۆم لا ئه‌به‌م و له‌هه‌مانكاتدا خه‌ڵكى ده‌وروبه‌ریشم شاد و دڵخۆش ئه‌كه‌م)، ئای چ هه‌ستێكی جوان و ڕاستبێژییه‌ له ‌قوڵایی دڵییه‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی ده‌ربڕیوه‌ و ئه‌وه‌ گه‌واهیده‌ره‌ كه‌ بۆ هونه‌ر ژیا و به‌ڵام هونه‌ر هیچی بۆنه‌كرد؟!

زیره‌كی خۆشخوان و خۆڕسك و خۆوێژ، له‌ هه‌ر شوێنێك تروسكاییه‌كى به‌دى كردبێت به ‌هه‌گبه‌ و تێشوویه‌كى لێوان لێو له‌ ئاواز و گۆرانى به‌سۆز و ڕه‌سه‌نی خۆشه‌وه‌ ڕووی له‌و تروسكاییه‌ كردووه‌، هونه‌ره‌كه‌ى به‌خشیوه‌ به‌ میلله‌ته‌كه‌ى، له‌سه‌رده‌مانێكدا سترانى خوێندووه‌ نه‌ستۆدیۆ و نه‌ئامێرى میوزیك و ڕیكۆرده‌ری پرۆفیشناڵ به‌و شێوه ‌و شێوازه‌ى ئێستا نه‌بووه‌، به‌ڵام زیره‌كى هونه‌رمه‌ند و داهێنه‌ر گه‌لێك به‌رهه‌مى ناوازه‌ى تۆمار كرد ئه‌مڕۆ له‌خه‌رمان و گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا بوونه‌ته‌ شاكار گه‌واهیش بۆ ئه‌و ڕاستییه‌‌ به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوه‌كانى (ڕادیۆی كوردى به‌غداد، ڕادیۆی كوردى تاران، ڕادیۆی كوردى كرماشان و ڕادیۆی ته‌ورێز)ـه‌.

دواى تۆماركردنى ئه‌و شاكاره‌ به‌رز و نه‌مرانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات و باشوورى كوردستان، له‌ڕادیۆكان بلیمه‌تى نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانى، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌شێوازێكى تر و دوور له‌ستۆدیۆى ڕادیۆكان، ڕوو ده‌كاته‌‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و شه‌وگه‌ر و داوه‌ت و مه‌جلیسى عاشقان و شه‌وانی باده‌نۆشین به‌هه‌سته‌ جوانه‌كه‌ی كۆڕی یاران گه‌رم و گوڕتر ده‌كات و چێژ و خۆشى و شادى ده‌به‌خشێ‌ به‌گوێگره‌كانى، ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ كه‌ هیچیان كه‌متر نییه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانى ڕادیۆ، ئه‌وانیش پێگه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رزیان هه‌یه‌.

زیره‌كى نه‌مر به‌ده‌یان به‌رهه‌مى تۆماركراوى بۆ به‌جێهێشتووین له‌ شاره‌كانى (كه‌ركوك، هه‌ولێر، سلێمانى، شنۆ و بۆكان و نه‌غه‌ده‌ و ....تاد) تۆماركراون به‌هاوكارى ده‌یان میوزیك ژه‌نى به‌توانا و ده‌ست و پل و په‌نجه‌ زێڕین، هه‌ركات و ساتێك ده‌نگ و سه‌داى زیره‌كى نه‌مر و مۆسیقای گۆرانییه‌كانی ده‌بیسترێ‌ و ئارامی به ‌ڕۆحمان ده‌به‌خشێ و ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ڕۆژانی یاده‌وه‌رییه‌ شیرینه‌كانمان، ده‌بێت‌ به ‌یاد و ڕێزێكی زۆره‌وه‌ به‌رز نرخاندن بۆ توانای هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیارانه‌ى له‌ ڕادیۆكان و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و ئاهه‌نگه‌كانى ماڵاندا بكرێت، ناكرێت فه‌رامۆش بكرێن، چونكه‌ هه‌میشه‌ پشتیوان و هاوكار بوون له‌ جوڵاندنی هه‌ستی به‌رزی هونه‌ری زیره‌ك له‌كاتی چڕینی گۆرانیدا، نموونه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ گه‌لێك زۆرن وه‌ك (موجته‌باى میرزاده‌، حه‌سه‌نى كامكار، حه‌سه‌ن یوسف زه‌مانى و حسێن یوسف زه‌مانى، محه‌مه‌د عه‌بدلسه‌مه‌دى، فه‌ریدوونى مورادى، ئه‌كبه‌ر ئیزه‌دى، به‌همه‌نی پوله‌كى، قادر دیلان، ولیه‌م یوحه‌ننا، نه‌جاتى عه‌بده‌، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخى، خالید سه‌ركار، فره‌نسیس داود، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید، ئه‌حمه‌د داوده، مزه‌فه‌ر كامكار، عارفی ئیبراهیم پوور، مام حه‌سه‌نى نه‌ى و عه‌زۆله‌ و قودره‌تی قادری و چه‌ندینی تر)، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سایه‌تى و به‌هره‌مه‌ندانه‌ى كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌یان له ‌ده‌ره‌وه‌ى ستۆدیۆ و له‌ماڵان له ‌كاتی شه‌و ئاهه‌نگه‌كان بۆ تۆماركردووین له‌ ڕۆژهه‌ڵات و باشوورى كوردستان، هه‌میشه‌ به‌هه‌ست و سۆزمان ئاشنان و ئه‌گه‌ر ئه‌و دڵسۆزانه‌ نه‌بوونایه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ش ده‌چوونه‌ خانه‌ى فه‌وتان و ئێستا لێیان بێبه‌ش ده‌بووین، نموونه‌ى ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ زۆرن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌نده‌ ئه‌و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌م له‌یاده‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ڕێزه‌‌وه‌ له‌ ماندووبوون و زه‌حمه‌ته‌كانیان بڕوانین وه‌ك (ئه‌حه‌ گێژى قه‌ساب، ئه‌حمه‌دى سۆفى كه‌ریم، مه‌حمووى تۆفیق شلك، ئه‌مینى ده‌ڕابه‌چی، كه‌ریم باقى و عوسمانى غه‌وسه‌ له ‌باشووری  كوردستان)، دیاره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش گه‌لێك كه‌سایه‌تی ئازیز بوونیان هه‌یه‌ كه‌ خۆبه‌خشانه ‌و دلسۆزانه‌ ئه‌و كاره‌یان له ‌ئه‌ستۆ گرتووه‌ وه‌ك (ڕه‌حمانی ته‌قی زاده‌ له‌شاری شنۆ، كه‌ریمی ته‌ڵایی له‌ شاری مه‌هاباد، بایه‌زیدی كه‌شكۆڵی له ‌شاری سنه‌، مسته‌فای ساره‌بان زاده‌ و ئه‌حمه‌د سه‌رایی له ‌شاری بۆكان)، له‌یادى (52) ساڵه‌ی ژیانئاوایی زیره‌كى نه‌مردا داوایه‌ك له‌و به‌هره‌مه‌ند و ده‌نگخۆشانه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌ڕێچكه‌ی هونه‌رى قوتابخانه‌ خۆڕسك و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك هه‌نگاویان بۆ نێو دنیای هونه‌ری گۆرانی هه‌ڵگرتووه‌، تكایه‌ چیتر گۆرانییه‌كانى ئه‌و بلیمه‌ته‌ نه‌مره‌ مه‌شێوێنن، ئه‌و گۆرانی و شاكارانه‌ی زیره‌ك هه‌رله‌خۆڕا به‌رهه‌م نه‌هاتوون، دڵنیابن زیره‌كی نه‌مر زۆری زه‌حمه‌ت پێوه‌ كێشاون..؟! ، جیا له‌ زیره‌كی نه‌مر هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان وه‌ك (عه‌لى مه‌ردان، سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، تایه‌ر تۆفیق، محه‌مه‌دى ماملێ‌ و مه‌زهه‌رى خالقى، محه‌مه‌د عارف جزیری  و حه‌سه‌نی جزیری و نه‌سرین شێروان  و....تاد) له ‌ماوه‌ی ژیانیان زۆر ماندوبوون و خۆبه‌خشانه‌ خزمه‌تێكى گه‌وره‌یان ‌به‌ هونه‌رى موزیك و گۆرانى كوردى ‌و گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخیان پێشكه‌ش به‌نه‌ته‌وه‌كه‌یان كردووه، بوونه‌ته‌ قوتابخانه‌یه‌ك ده‌بێت هه‌میشه‌ شانازیان پێكه‌وه‌ بكه‌ین، گه‌نجینه‌یه‌ك میراتى له‌ گۆرانى وموزیك و ئاوازیان بۆ ئه‌رشیفى هونه‌رى گۆرانى كوردى جێهێشتووه‌، كه‌ تا ئێستاش بۆن و به‌رامه‌ى گۆرانییه‌كانیان له ‌گه‌نجینه‌ى گۆرانى كوردیدا بۆنی گوڵاویان لێده‌چۆڕێ‌ .

یادت هه‌میشه‌ له‌ لوتكه‌دایه‌ بلیمه‌تى نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌كى له‌دڵا شیرین ڕۆحت شاد و گڵكۆكه‌ت غه‌ریقی ڕه‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار بێت، گڵكۆی پیرۆزت و لێورێژ بێت له‌ بۆن و به‌رامه‌ى گوڵ و گوڵزارى كوێستانه‌ زه‌نوێره‌كانی وڵات، لێوان لێو بێت له ‌لاوك و حه‌یران و مه‌قامه‌ پڕ چێژه‌كانى گه‌رمیان و سه‌فه‌ره‌كه‌ى سلێمانى و قه‌تاره‌كه‌ى ناوچه‌ى موكریان، یادت هه‌میشه‌ به‌رز و به‌ڕێزبێت، ناو و نازناو و هونه‌ری به‌رزتان بۆ هه‌میشه‌ له‌دڵ و ده‌روونی هه‌واداران و هۆگرانی ئاواز و مۆسیقای كوردی به‌نه‌مری ده‌مێنێته‌وه‌ .

جه‌مالی ده‌لاك 25/6/2024 هه‌ولێر.

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.