Erbil 20°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 01:14

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ساڵی 2022دا لە سەرانسەری جیهاندا 292 ملیۆن کەس ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە

کوردستان TV
100%


نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە کە لە ساڵی 2022دا لە سەرانسەری جیهاندا 292 ملیۆن کەس ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سەدا 20 زیادی کردووە.

نووسینگەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان (UNODC)، ڕاپۆرتی جیهانی ماددەی هۆشبەری ساڵی 2024ی بڵاوکردەوە کە داتاکانی پەیوەست بە ساڵی 2022 لەخۆدەگرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە 10ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سەدا 20 زیادی کردووە و، لە ساڵی 2022دا لە سەرانسەری جیهاندا لە کۆی 18 کەسی تەمەن 15-64 ساڵاندا یەک کەس ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی 2022دا 292 ملیۆن کەس ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە و، ئەو ماددەی هۆشبەرانەی زۆرترین بەکارهێنراوە ماریجوانایە و، 228 ملیۆن کەس ئەم ماددەیان بەکارهێناوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەیش کراوە کە نزیکەی 60 ملیۆن کەس ماددە هۆشبەرە دەستکردەکان بەکاردەهێنن کە پێی دەگوترێت "opioid"، ٣٠ ملیۆن کەس ماددەی جۆری ئەمفیتامین، 23،5 ملیۆن کەس کۆکاین  و 20 ملیۆن کەسیش ئیکستازی بەکاردەهێنن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە دووچاری نەخۆشی بوون و چاوەڕوانی وەرگرتنی چارەسەرن زۆر زیادی کردووە و، لە ساڵی 2022دا 64 ملیۆن کەس بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستیی جۆراوجۆر بوونەتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.