Erbil 26°C شەممە 28 ئەیلوول 02:49

لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت بەدواداچوون بۆ رووداوی نوقمبوونی یەختەكەی ئیتاڵیا دەكرێت

کوردستان TV
100%

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی كردووە بەدواداچوون بۆ رووداوی نوقمبوونی یەختەكەی ئیتاڵیا بكرێت و هەروەها هەموو هاوكاری و كارئاسنییەك بكرێت بۆ دۆزینەوە بێ سەروشوێن و رزگاركراون و گەڕانەوەی روفاتی كۆچبەرەكان.

لە راگەیەنراوێكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون سەر بە وەزارەتی ناوخۆ كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاو كراوەتەوە، هاتووە "بەداخەوە دوێنێ ڕۆژی دووشەممە 17 ی حوزەیرانی 2024 ھەواڵی تێکشانی یەختێکی کۆچبەرانمان پێ گەیشت کە قوربانی کۆچی نایاسایین لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەین و ھیوای سەلامەتی بۆ ڕزگارکراوان دەخوازین".

لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها هاتووە "لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تەواوی ھاوکاری و کارئاسانی پێشکەش دەکەن بۆ ھێنانەوەی ڕوفاتی قوربانییان و دۆزینەوەی بێ سەروشوێنان".

ئاماژە بەوەشدراوە "داوا لە کەسوکاری قوربانیان دەکەین پەیوەندی بە ژمارەی (009647508035680) بکەن لە ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی کاری پێویست ئەنجام بدەین لە ھێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیان".

فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون هەروەها داوای لە ڕزگاربووانیش كردووە لە هەر شوێنێك بن پەیوەندییان پێوە بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر ونبووان و دۆزینەوەی بێ سەروشوێنانی ڕووداوەکە.

شەوی یەكشەمی رابردوو یەختێك كە دەگوترێ 61 سەرنشینی لە توركیاوە هەڵگرتبوو، لە كەنارە ئاوییەكانی نزیك ئیتاڵیا نوقومبوو.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان لە رووداوەكەدا تا ئێستا تەنیا 12 كەس رزگاركراون، هەروەها 49 سەرنشینی تر بێ سەروشوێنن.

دەگوترێ بەشێكی زۆری سەرنشینانی یەختەكە خەڵكی هەرێمی كوردستانن، بەشێكی تریشیان كوردی خەڵكی كوردستانی ئێرانن و هەندێكی تریشیان ئەفغانین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.