جه‌مالی ده‌لاك ...
بێ ئومێدی كه‌وته دڵی غه‌مناكم
سامناكی پۆشی ڕۆژی ڕووناكم
ته‌نها گوڵێك بووی، هیوا و مه‌به‌ستم
به‌ڵام به‌بێ بۆن ده‌رچوو له‌ده‌ستم...
شاری كه‌ركووك، چه‌ند به شارێكی ئابووریی له جیهان و ناوچه‌كه و كوردستاندا گرینگ و ناسراوه، ئه‌وه‌نده‌ش له ڕووی مێژوو و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ر و گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخی به‌سته و مه‌قامات و زێدی هونه‌رمه‌ندانی به‌توانا و لێهاتووی گه‌له‌كه‌مانه.
هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژ خاوه‌نی شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی له گۆرانی خوێندندا، به‌و شێواز و ستایله‌دا ده‌ناسرێته‌وه و هونه‌ره‌كه‌ی به گوێگر و هۆگرانی موزیك و گۆرانی ئاشنا ده‌بێت.
خامه‌ی نووسینم ده‌خه‌مه سه‌ر یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده گۆرانیبێژ و موزیكژه‌ن و ئاوازدانه‌ره، خاوه‌نی چه‌ندین گۆرانی و ئاوازه، به‌ڵام یه‌كێك له گۆرانییه‌كانی بۆته پێشه‌نگ بۆ ناسنامه‌ی هونه‌رمه‌ند، ئه‌ویش گۆرانی (بێ ئومێدی)یه و خۆشترین گۆرانی سهرده‌می خۆی بوو وه ئێستاش به‌هه‌ست و نه‌ستی زۆرینه‌مان ئاشنایه، هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان، حه‌ز و خولیایه‌كی زۆری بۆ هونه‌ری موزیك و گۆرانی هه‌بووه، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هه‌نگاوی بۆ ئه‌و دنیافراوانه‌ی هونه‌ر هه‌ڵگرتووه، سەردەمی هونەرمەندانی بەناوبانگی كورد (عه‌لی مه‌ردان، حه‌سه‌ن زیره‌ك، شەماڵ سائیب، كەریم كابان، محه‌مه‌دی ماملێ، حه‌مه ساڵه‌ح دیلان، تایەر تۆفیق، فواد ئەحمەد، ره‌سوڵ گه‌ردی، مشكۆ، محه‌مه‌د عارف جزیری، نه‌سرین شیروان، حه‌سه‌ن جزیری، سه‌لاح داوده و خوداداد عه‌لی و ...تاد) بووه كه هونه‌ره‌كه‌یان ڕۆژانه له ڕێی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه وه‌ك شنه‌ی شه‌ماڵ ده‌دران به‌گوێی بیسه‌راندا، هونه‌رمه‌ند هاوكات و هاوزه‌مانی ئه‌و كه‌ڵه هونه‌رمه‌ندانه ژیاوە و گۆرانی گوتووە.
بەهۆی ئه‌و نازناوه‌ی كه هه‌یبووه (مه‌ردان) و نزیكی ناوەكەیەوە له‌لای زۆركه‌س وا وێناكراوه كه برای مامۆستای به‌سته و مه‌قامی كوردی هونه‌رمه‌ند (عەلی مەردان)ـه، هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان له دیدارێكدا ده‌ڵێت (مه‌ردان ناوی باوكمه، نه ناسناوه و وه نه‌عه‌شیره‌ت، زۆر كه‌س ده‌زانێت كه عه‌لی مه‌ردان برامه یان له‌یه‌ك تایه‌فه‌ین)، ته‌نها ئه‌وه‌یه كه هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند خەڵكی شاری كه‌ركووك بوون .
هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان كێیه؟
عه‌بدولقادر مه‌ردان قادر به (قادر مه‌ردان) له دنیای هونه‌ردا ناسراوه، له ساڵی 1938 له گه‌ڕه‌كی پریادی شاری كه‌ركووك چاوی به تاڵ و شیریینه‌كانی ژیان هه‌ڵهێناوه، له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌و كات قوتابی بووه، گۆرانی و سرووده نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خوێندووه، تا ته‌مه‌نی 18 ساڵی، واته ساڵی (1956) شاره‌زاییه‌كی باش له گۆرانی و مه‌قامه‌كاندا په‌یدا ده‌كات و ڕوو ده‌كاته به‌شی كوردی له ڕادیۆی كوردی به‌غدا، یه‌كه‌م به‌ر‌هه‌می هونه‌ری تۆمار ده‌كات به ناوی (وه‌ره وه‌ره گوڵبه‌هار) ئه‌م گۆرانییه له هۆنراوه و ئاوازی خۆی بووه.(*1)
له ساڵی 1959 بۆ 1960 هونه‌رمه‌ند خوێندنی ئه‌كادیمیای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا ته‌واو ده‌كات و بڕوانامه له به‌شی ئامێری (ڤیۆلۆن) به‌ده‌ست دێنێـت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاری كه‌ركووك.
له ساڵی 1958 له شاره دێرینه‌كه‌ی كه‌ركووك به هه‌وڵ و تێكۆشانی كۆمه‌ڵیك هونه‌رمه‌ندی دڵسۆز تیپێكی مۆسیقا داده‌مه‌زێت به‌ناوی (تیپی مۆسیقای سۆلاڤ)، هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان یه‌كێك ده‌بێت له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان (ڕه‌مه‌زان زامدار، عه‌بدولئیلا محێدین محه‌مه‌د، سه‌لاح عه‌باس، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و عه‌لی عه‌زیز) ئه‌م تیپه مۆسیقییه له شاری كه‌ركووك ڕۆڵێكی به‌رچاو و گرینگی هه‌بووه له پێشخستنی هونه‌ری موزیك و گۆرانی.
(تیپی مۆسیقای سۆلاڤ هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژی دامه‌زراندنییه‌وه چالاكیمان به‌رده‌وام بووه، ئاهه‌نگه‌كانی بۆنه‌كان له ناو شاری كه‌ركووك و ئاهه‌نگی ده‌یان هه‌زار كه‌سی، كه به‌بۆنه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری ساڵی 1970 له گوندی حه‌ساری سه‌ر به ناوچه‌ی شوان ئێمه بووین سازمان كرد، هه‌روه‌ها له به‌غدا وه‌ك تیپی مۆسیقای سۆلاڤ ئاهه‌نگی نه‌ورۆزمان له هۆڵی خولد ساز كرد، هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د، بە ئامێری جومبوش و هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د، به ئامێری كه‌مان هاوكارمان بوون، هه‌روه‌كو تیپی مۆسیقای سۆلاڤ ئاهه‌نگێكی ترمان به بۆنه‌ی نه‌ورۆز له هۆڵی زانكۆی موسته‌نسرییه له به‌غدا ساز كرد ) (*2).
سه‌باره‌ت به‌و ئاهه‌نگه‌ی گوندی حه‌سار كه ئاهه‌نگێكی چه‌ند گه‌وره بووه بۆ ئه‌و ڕێكه‌وتننامه مێژووییه، هونه‌رمه‌ند وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ده‌ڵیت: گه‌وره‌ترین ئاهه‌نگییان سازكرد به هه‌زاران كه‌س له‌وێ كۆببوونه‌وه،ئه‌و شایه‌دییه و گه‌واهییه ده‌ده‌ن، له ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ جگه له شه‌وكه‌ت ڕه‌شید _ كلارنێت، محه‌مه‌د ڕه‌زا _ عوود، عه‌لی عه‌زیز _ شمشاڵ، قادر مه‌ردان _كه‌مان، عه‌بدولئیلا محێدین _ كه‌مانیان ده‌ژه‌نی، له چالاكییه دیاره‌كانی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ ئه‌وه‌بوو كه یه‌كه‌م ئاهه‌نگی گۆرانی و مۆسیقا له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك پێشكه‌ش كرا له‌لایه‌ن تیپی سۆلاڤه‌وه ڕێكخرا و به‌رهه‌م هێنرا)(*3).
هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان له‌ناو تیپی مۆسیقای سۆلاڤ و هه‌روه‌ها ئه‌ندامێكی كارای تیپی مۆسیقای كه‌ركووكیش بووه، هونه‌رمه‌ند له هه‌ردوو تیپی مۆسیقادا ڕۆڵیكی به‌رچاو و كاریگه‌ر و دره‌وشاوه ده‌بینێت له‌سه‌ر ڕه‌وتی هونه‌ری موزیك و گۆرانی، هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانییه‌تی وه‌ك مامۆستای هونه‌ر، له ژیانی مامۆستاییدا هونه‌رمه‌ند قوتابییه‌كی زۆری فێره هونه‌ری مۆسیقا كردووه، قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ریی بووه تا ناوه‌ڕاستی ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێوه‌ندیم كرد به یه‌كێك له قوتابیه‌كانی هونه‌رمه‌ند، ئه‌مڕۆ مامۆستا و هونه‌رمه‌ندێكی به توانا و لێهاتووی بواری مۆسیقایه و كاره هونه‌رییه‌كانی جێی شانازین، ڕا و بۆچوونی له‌سه‌ر مامۆستاكه‌ی ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند چالاك سدیقه و ده‌ڵێت:
من یەكێك بووم لە قوتابییەكانی مامۆستا قادر مەردان و نزیكەی ساڵێك لە ساڵی 1982 وانەكانی سەرەتای فێربوونی كەمان ڤایۆلینم لای مامۆستا قادر مەردانی ڕەحمەتی خوێند بەو هۆیەوە بەبێ دوودڵی لەپەیمانگای هونەرەجوانەكانی مووسڵ وەرگیرام.
پارچەیەك مۆسیقای بە نۆتە پێ لەبەركردم كە لەو كتێبەی لای بەڕێزی دەرسم لەسەر دەخوێند هی مامۆستا ولیەم یوحنا بوو بە ناوی (شیرین) بۆ چاوپێكەوتنەكەی پەیمانگا بەو هۆیەوە دووەم ناو بووم كە فەزڵەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مامۆستا قادر مەردانی خۆشەویست كە من قەت لەیادی ناكەم.
دیارە مامۆستا قادر مەردان هونەرەكەی تەنیا گۆرانی گوتن نییە، بەڵكو ژەنیارێكی باشی ئامێری كەمانچە و عوود بوو و لە دامەزرێنەرەكانی تیپی مۆسیقای سۆلاف بوو كە دواتر ئەو تیپە بوو بە تیپی تەلەفزیۆنی كەركووك كە بەدەست و پەنجەی خۆی و هاوڕێكانی دەیان گۆرانی جوانییان بۆ هونه‌رمه‌ندان وەكو (ئێمە گیانێكین _ ئیبراهیم خه‌یات) و (بەهاری عومرم_ سه‌لاح ڕه‌شید) و (گەلاوێژە گوڵی شۆخی _ محه‌مه‌د حه‌سه‌ن) و (عەشقی ئێمەو _ عه‌لی زه‌نگه‌نه) و دەیان گۆرانی و پارچە مۆسیقای جوان لەوێ تۆمار كرا، دووەم وەكو گۆرانیبێژ خاوەنی 36 گۆرانییه، لە ناویانا (بێ ئومێدی- دوێنێ بەیانی - لەشكرین بۆ نیشتمان - هەرتۆم هەبوو من دات بنێم بەهیوا) و دەیان گۆرانی تر، سێیەم خەسڵەت ئاوازدانان، دیارە ئەم گۆرانییانەی من باسم كرد و ئەوانەی كە ناویشمان نەهێنان لەگەڵ ئاوازی گۆرانی بۆ كۆمەڵێ هونەرمەندی دیكە. چوارەم وەكو مامۆستای سروود و گۆرانی، دیارە چەندین لە نەوەی ساڵانی شه‌ست و حه‌فتا و هه‌شتاكانی سەدەی ڕابردوو قوتابی مامۆستا بوون كە دایم بەخۆی و عوودەكەیەوە لە قوتابخانەكانی شاری كەركووك وانەی سروودیان خوێندووە و هەردەیگێڕنەوە كە چۆن چێژیان لێ بینیوە. پێنجەمین خاڵ فێركردنی ئامێری مۆسیقا وەكو ئاماژەم پێ كرد من خۆم یەكێك لە قوتابییه‌كانی مامۆستا دیارە دەیان كەسی دیكەش بەهەمانشێوە هەیە، بەڵام چەند لەوانە بەردەوام بوون) (*4).
هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان جیا له هونه‌ری گۆرانیبێژی، شاره‌زاییه‌كی باشیی هه‌بووه له ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا وه‌ك (ڤیۆلۆن، عوود، جومبوش و ساز)، هه‌روه‌ها ئاوازدانه‌رێكی به تواناش بووه و نزیكه‌ی 30 ئاوازی داناوه و داویه‌تی به‌هونه‌رمه‌ندان وه‌ك (عه‌لی عه‌زیز و ئیسماعیل كوێستانی)، به‌هره‌یه‌كی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند هه‌ندێك له گۆرانییه‌كانی هۆنراوه‌ی خۆی بووه و، هۆنراوه‌ی گه‌لێك شاعیریش ئاوازی له‌سه‌ر داناوه و خوێندوویه‌تی وه‌ك (ڕه‌مه‌زان زامدار، عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج، جه‌مال شارباژێڕی و دكتۆر مسته‌فا زه‌نگه‌نه).
یه‌كێك له گۆرانییه خۆشه‌كانی هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان، ئه‌و گۆرانیه له تێكستی شاعیر و نووسه‌ری به‌توانا و خاوه‌ن خامه‌ی به‌بڕشت د. مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌یه و ئاوازی هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردانه، ئه‌و گۆرانییه كاره‌ساتێكی تراژیدی له‌پشته‌وه‌یه و لای گوێگر به ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان جێی گرتووه بۆته یاده‌وه‌رییه‌ك له هه‌ستی عاشقان و خه‌ڵكی ئاسایی‌دا.
دكتۆر مسته‌فا زه‌نگه‌نه ئه‌و یاده‌وه‌رییه پڕئازاره به‌سوێیه و توانا و لێهاتوویی هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان به‌و شێوه‌یه بۆمان باس ده‌كات:
ساڵی 1968 بوو، ده ڕۆژێكی مابوو بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆریی قۆناغی پێنجی ئاماده‌یی، ئه‌و كات شه‌شی ئاماده‌یی له ئارادا نه‌بوو، به ده‌م وانه خوێندنه‌وه له شه‌قامی سه‌ره‌كی كه‌ركووك _ سلێمانی ملی ڕێگام گرتبوو، ده‌مخوێند تاوه‌كو نمره‌ی باش به‌ده‌ست بێنم و دڵی كه‌سوكار و ده‌سگیرانه ماره‌بڕه‌كه‌م خۆش بكه‌م كه 5 ساڵ بوو له دڵه‌وه پێكه‌وه یه‌كترمان خۆش ده‌ویست.
له‌دوور ڕا یه‌كێك به‌هه‌ڵه‌داوان هات، ئه‌و كه‌سه براده‌رێكی گیانی به‌گیانی و دراوسێی ساڵانێكی دوور بوو، به‌گریانه‌وه گوتی: فریاكه‌وه ده‌سگیرانه‌كه‌ت سوتاوه و بردیان بۆ نه‌خۆشخانه، منیش ئه‌و كات له تافی لاوییدا بووم، كتێبه‌كه‌ی ده‌ستم فڕێ دا و به‌پێی په‌تی و سه‌ری ڕووت به‌ڕاكردن و هاوار و ماڵوێرانی له‌گه‌ڵ خاڵه حه‌مه ئه‌مین ماوه‌ی سێ چاره‌كه سه‌عات گه‌یشتینه نه‌خۆشخانه، ڕۆژی حه‌شر له‌وێ بوو، چوومه دیار سه‌ری چیم بینی؟!
گوڵێك هه‌ڵكڕووزاوه، دۆخێك كه وشه ناتوانێت وێنای بكات.
كچه پێی گوتم: گه‌رچی هه‌موو هیوایه‌كم دڵخۆشكردنی تۆ بوو، به‌ڵام نزام بۆ بكه تا بمرم..!
گوتم: خوانه‌كا بۆ؟
گوتی: بۆ ئه‌وه‌ی تۆ ژنێكی ڕووخسار سوتا و ناشیرینت نه‌بێ، تۆ بۆ ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌نه‌ت له‌ئازاردا بژیت؟
شه‌و داهات و مه‌لای به‌یانی بانگی دا، پێی گوتم: ده‌موچاوم داپۆشه، با تاوێك بنووم، هه‌ست به‌ماندووبونێكی ڕۆحی ده‌كه‌م.
پاش ده خوله‌ك سه‌ریم هه‌ڵدایه‌وه كه بینیم چاوه‌كانی بۆ هه‌تا هه‌تایی لێك ناوه، بۆ نیوه‌ڕۆ به‌خاك سپێردرا.
شه‌وی دوایی ئیتر دنیام لێ تاریك بوو، له ناخه‌وه داڕمام، له سه‌رێكی جه‌نجاڵدا، له هه‌ستێكی باڵكراودا، له چاوێكی كوێرایی داهاتوودا، به قه‌ڵه‌مێكی باڵشكاو چه‌ند ڕسته‌یه‌كم نووسیی و ناوم لێنا (بێ ئومێدی)،
هه‌ر ئه‌و شه‌وه شیعره‌كه‌م دایه ده‌ستی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره، هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش مامۆستا قادر مه‌ردان كه دیوار به دیوار دراوسێ بووین.
هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان نیوه‌ڕۆیه‌ك هاتوو و ده‌عوه‌تی ماڵی خۆیانی كردم و به من و سه‌میره‌خانی خێزانی گوت: دانیشن و گوێ له دوو ئاوازه بۆ یه‌ك شیعر ڕاگرن، بزانم كامیتان به دڵه؟!
چوو له به‌رامبه‌رمان دانیشت و به ده‌نگی خۆی و عووده‌كه‌ی گۆرانییه‌كه‌ی چڕی، بڕوا بكه‌ن قادر مه‌ردان فرمێسك له چاوانیدا خوڕه‌ی ده‌كرد، سه‌میره‌خان چاوه‌كانی ببوون به دوو كانی، منیش چاوانم ببوون به كارێز، له هه‌موومان خراپتر ئامێری عووده‌كه بوو شیوه‌نی ده‌كرد...!
بڕوا بكه‌ن گۆرانییه‌كه ئه‌و كات به‌وشێوه تراژیدییه تۆمار بكرایه، هه‌موو دنیای ده‌هه‌ژاند، من و سه‌میره‌خان ئاوازی یه‌كه‌ممان پێ كاریگه‌رتربوو، هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان ڕێزی له ڕای هه‌ردووكمان گرت، هه‌ر ئه‌وه‌ش تۆمار كرا.
گۆرانییه‌كه ده‌نگی دایه‌وه و منیش شاعیره كوڕه گه‌نجه‌كه نه‌مده‌وێرا به كووچه و كۆڵان و بازاڕدا گوزه‌ر بكه‌م، خه‌ڵكی ده‌یانگوت ئه‌وه ئه‌و كوڕه‌یه ده‌سگیرانه‌كه‌ی سوتاوه و شیعری بێ ئومێدی بۆ نووسیوه) (*5).
دوای ئه‌و ماوه پڕ هه‌وراز و نشێوه‌ی ژیان و ئه‌و خزمه‌ته زۆره‌ی به هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقای نه‌ته‌وه‌كه‌یی و ناهه‌واری باردۆخی وڵات، هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان له ته‌ك خانه‌واده‌كه‌ی له ساڵی 1999 وڵات به‌جێدێڵێ و ڕوو ده‌كاته هه‌نده‌ران و له وڵاتی سوید نیشته‌جێ ده‌بێت، غه‌ریبی و دووره وڵاتی بۆ هه‌موو مرۆڤێك ده‌ردێكی كوشنده و مردنێكی له‌سه‌ره‌خۆیه، جا ئه‌گه‌ر كه‌سێكی هونه‌رمه‌ند بیت بێگومان كاریگه‌ری زیاتر له‌سه‌ر هه‌ست و ڕۆحی داده‌نێت.
مه‌خابن له ڕۆژی هه‌ینی ڕێكه‌وتی 7/6/2014 هونه‌رمه‌ند له ته‌مه‌نی 76 ساڵیدا، دوور له زێد و شاری كه‌ركووك و خاكی كوردستان بۆ هه‌میشه چاو لێك ده‌نێ و ماڵئاوایی له هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و خانه‌واده و ئازیزانی كرد، ڕۆحی شاد و ئارام بێت.
جه‌مالی ده‌لاك 27/5/2021 هه‌ولێر.
سه‌رچاوه : (*1) كتێبی ژیان و هونه‌ر، كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردنی (تاهیر كرمانج) لاپه‌ڕه 163، تاهیر كرمانج دیداری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان له ڕێكه‌وتی 4/7/1990 له دوكانی هونه‌رمه‌ند و شاعیر ڕه‌مه‌زان زامدار له شاری كه‌ركووك.
(*2) گۆڤاری چلاواز ، ژماره 33 تشرینی دووه‌می 2008، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عه‌بدولئیلا محێدین محه‌مه‌د، دیمانه هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د لاپه‌ڕه 23.
(*3) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان، باكووری، به‌شی دووه‌م، لاپه‌ڕه 203.
(*4) له ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا چالاك سدیق له‌ڕێكه‌وتی 8/6/2020.
(*5) یوتووب _ كوردماكس موزیك/ به‌رنامه‌ی (له‌یادمان) 18/6/2019.
سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ به‌ڕێزان هه‌ندرێن قادر مه‌ردان و هونه‌رمه‌ندان مامۆستا چالاك سدیق و سیروان عومه‌ر سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو قادر مه‌ردان، (ج، د).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.