Erbil 17°C چوارشەممە 30 تشرینی یەکەم 22:55

حكوومەتی هەرێم: خوازیاری رێككەوتنی كۆتایین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت

کوردستان TV
100%

حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە كە خوازیاری رێككەوتنن لەگەڵ حكوومەتی فیدڕالی بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەست پێ بكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی چەند بڕگە و بابەتێكی لەخۆ گرتبوو، لە بڕگەی یەكەمدا ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم خرایەڕوو.

 لەمبارەیەوە ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران باسی لە دوایین ڕێکار و هەوڵەكانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی گفتوگۆكانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکوومەت و کۆمپانیا نەوتییەکانی کرد.

سكرتێری ئەنجوومەن ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکاندا شاندی حکوومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە ڕێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیکترین دەرفەتدا لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت.

راشیگەیاند كە پێویستە داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان، تاکو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێم نەگات کە ئەمە خواستی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ و کۆمپانیا نەوتییەکانیشە.

هەروەها رایگەیاند كە لە کۆبوونەوەکانی بەغدا ئامادەیی حکوومەتی هەرێمیان دەربڕیوە بۆ هەر کارئاسانییەک لەم پێناوەدا بە ڕەچاوکردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بەرژەوەندی گشتیی هاوبەش.

جەختیشی كردەوە كە کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكان بەردەوام دەبن تا دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

لەمبارەیەشەوە ئەنجوومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەکانی تیمی دانوستانکاری کرد و جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، جگە لەمەش خوازیاری ئەوەن لە زووترین کاتدا هەموولایەك بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.