Erbil 17°C چوارشەممە 30 تشرینی یەکەم 22:55

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا تاوتوێی ئەم بابەتانە كرا

کوردستان TV
100%

ئــەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران باسی لە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکوومەت و کۆمپانیا نەوتییەکانی کرد و ئاماژەی دا کە لە کۆبوونەوەکاندا شاندی حکوومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە ڕێکار و میکانیزمی چارەسەرکردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیکترین دەرفەتدا لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان، تاکو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێمیش نەگات کە ئەمە خواستی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ و کۆمپانیا نەوتیەکانیشە.

هەروەها ئاماژەشی بەوە دا كە لە کۆبوونەوەکانی بەغدا ئامادەیی حکوومەتی هەرێممان دەربڕی بۆ هەر کارئاسانییەک لەم پێناوەدا بە ڕەچاوکردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بەرژەوەندی گشتیی هاوبەش، کۆبوونەوەکانیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن.

ئەنجوومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەکانی تیمی دانوستانکاری کرد وجەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زووترین کاتدا بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر بڕیارێکی حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگیی لە هەردوو پارێزگای موسڵ و دیالە کە کاریگەریی لە سەر ڕێڕەوی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێکی لەبارەی کاریگەری و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی ئەم بڕیارە لە سەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ گفتوگۆ بە ئاراستەی چارەسەرکردنی بابەتەکە بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشتی و ئاسانکاریکردن بۆ برەودان بە جووڵەی بازرگانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێت بە ڕەچاوکردنی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و نەهێشتنی ڕووتین و بەربەستەکان.

پاشان لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و پڕ لە زانیاری لەبارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهییا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

وەزیری پلاندانان تیشکی خستە سەر ڕێکار و ئامادەکاریی و هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستییانە و لەپێناو گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت و دوور بێت لە دەستوەردان و هەر ئامانجێکی سیاسی بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ و بایەخی سەرژمێری بۆ مەبەستەکانی بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوە وگەشەپێدان، جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم سەرژمێریە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی دادپەروەریی و یەکسانی بێت و دوور بێت لە هەر مەبەستێکی سیاسیی و نەتەوەیی و پێشێلکاریی لە بنەما دەستوورییەکان و ماددەی 140ی دەستووری تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پێویستە تەنیا دەستوور چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلایی بکاتەوە.

لە کۆتاییدا ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ئامادەسازییەکانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە لە سەرتاسەری هەرێم خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.