Erbil 3°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 00:45

تەرمی نڤاری تەمەن 13 ساڵ دۆزرایەوە

کوردستان TV
100%

كەمێك پێش ئێستا، تەرمی ئەو منداڵە 13 ساڵییە دۆزرایەوە كە سەرلەئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە لە ئاوی رووباری چۆمان خنكابوو.

بەرگریی شارستانی سۆران بڵاوی كردەوە: تەرمی ئەو منداڵە تەمەن 13 ساڵییەی دوێنێ لە رووباری ناوپردان خنکابوو، سەرلەبەیانی ئەمرۆ هەینی لە شارۆچكەی چۆمان دۆزرایەوە.

دوێنێ پێنجشەممە ئەحمەد نەجات بەرپرسی بنکەی بەرگریی شارستانی چۆمان بە (کوردستان تیڤی) راگەیاند: خێزانێک بە مەبەستی گەشتیاری هاتبوونە نزیک گوندی ناوپردان و لە نزیک رووبار دانیشتبوون، بەداخەوە كوڕێكیان بەناوی (نڤار کۆسرەت) تەمەن 13 ساڵ کەوتبووە نێو رووبار و خنکا بوو.

راشیگەیاند: هەر دوای ئاگادارکردنەوەمان لە رووداوەكە، تیمەکانمان هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەكە دەست پێ كرد.

مانگی رابردووش کوڕ و باوکێک كە بەهەمانشێوە بە مەبەستی گەشت و سەیران روویان لە ناوچەکە کردبوو، لە رووباری باڵەکایەتی خنکان.

ماوەیەكە رووداوی خنكان لە كاتی ئەنجامدانی گەشت و سەیرانەكاندا زیادی كردووە، بۆ ئەم مەبەستە ئەحمەد بارزان عەلیكۆ قایمقامی چۆمان بۆ (كوردستان تیڤی) گوتی: ئاگاداری و هۆشداریمان بەهەموو شوێنە گەشتیارییەكان داوە ئەوانەی كە دەكەونە نزیك ڕووبار و چەمەكان كە ڕێكاری سلامەتی بگرنە بەر وەك سیمكردن و تەلبەندكردنی ئەو شوێنانەی كە دەكەونە نزیك ڕووبارەوە.

گوتیشی: هەر شوێنێكی گەشتیاری پابەندی ئەو رێنماییانە نەبێت سزا دەدرێت و ڕێكاری پێویستیان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

ئەحمەد بارزان عەلیكۆ هەروەها گوتی: تكا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەكەین لە كاتی گەشت و سەیراندا بە هیچ شێوەیەك لەچەم و ڕووبارەكان نزیك نەبنەوە، چونكە زۆر مەترسیدارن بەهۆی توانەوەی بەفری سەر چیاكان و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووبارەكان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.