وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشكرای كرد كە بە تۆمەتی هێرشكردنە سەر چێشتخانە بیانییەكان لە شاری بەغدا چەندین كەس دەستگیركراون.
وەزارەتەكە رایگەیاند: چەند كەسێكمان بە تۆمەتی رووداوی هێرشكردنە سەر چێشتخانە و كۆمپانیا بیانییەكان دەستگیركردووە كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە چەند ناوچەیەكی شاری بەغدا هێرشیان كردبووە سەر ئەو چێشتخانانە.
راشیگەیاند: هەموو رێكارێكی توند بەرامبەر ئەو هێرشكارانە دەگیرێتەبەر و بە گوێرەی یاسای تیرۆر توندترین سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.
جەختیشی كردەوە كە هێزە ئەمنییەكان بەردەوام دەبن لە گەڕان بەدوای هێرشكاران بۆ دۆزینەوەیان و سەپاندنی یاسا بەسەریاندا.
لەچەند رۆژی رابردوودا چەند رووداوێكی هێرشكردنە سەر چێشتخانە و كۆمپانیا بیانییەكان بەتایبەت زنجیرە چێشتخانەكانی كەی ئێف سی و كێنتاكی ئەمەریكی و پێپسی بەغدا و چەند شوێنێكی تر ئەنجامدرا، هێرشكاران پێیانوابووە ئەم چێشتخانە و كۆمپانیایانە هاوكاری ئیسڕائیل دەكەن لە هێرشكردن بۆ سەر كەرتی غەززە لە فەڵەستین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.