Erbil 27°C شەممە 27 تەمووز 04:06

ڕۆژی28ی حوزەیران ئێران سەرۆكکۆماری نوێ هەڵدەبژێرێت

کوردستان TV
100%


جێگری یەکەمی سەرکۆمار، محەمەد موخبیر کە لە شوێنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكکۆماری کۆچکردووی ئێران بە سەرکۆماری کاتیی وڵاتەکە دەستنیشان کراوە، 28ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار دیاری کرد.

بەپێی ئاژانسی فەڕمی هەواڵی ئێران IRNA، سەرۆكکۆماری کاتیی ئێران، محەمەد موخبیر لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە، محەمەد باقر قالیباف و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، غوڵام حوسێن موحسین کۆبووەوە بۆ دیاری کردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار.

لە دوای کۆبوونەوەکە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە کرا کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە 28ی حوزەیراندا ئەنجام دەدرێت.

ئەو کەسانەی کە خوازیارن خۆیان کاندید بکەن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماردا، پێویستە لە ڕۆژانی 30 ئایار بۆ سێی حوزەیران داواکاری پێویست پێشکەش بکەن.

هەروەها کارەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە 12ی حوزەیرانەوە بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی 27ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت.

- هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە پاش گیانلەدەستدانی ڕەئیسی لە ئێران

ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستووری ئێران، بە پابەندبوون بە دەستوور و لە پاش ڕەزامەندی ڕێبەری وڵاتەکە، عەلی خامنەیی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ڕادەستی جێگری یەکەمی سەرکۆمار، محەمەد موخبیر کرد.

بەپێی دەستووری ئێران، پێویستە ئەو دەستەیەی لە سەرۆکی پەرلامان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و جێگری یەکەمی سەرکۆمار پێکدەهێندرێت ڕێوشوێنی پێویست ئەنجامبدات بە ئامانجی هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ لە ماوەی 50 ڕۆژدا.

لە ئێران ئەو کاندیدانەی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار تۆمار دەکەن، ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوور پەسەندیان دەکات و پاشان لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 19ی5ی2024، سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی لە سنووری ئێران-ئازەربایجان بەشداری لە کردنەوەی بەنداوێکدا کرد و، لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ شاندی یاوەریدا کە وەزیری دەرەوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەنێودابوو بەهۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا.
 

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.